كاندیدەكان یەكلانەكراونەتەوە
شەڕی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی لەسەر سێ‌ پۆستی سیادییە

کوردستان

16/05/2019‌ 7108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەڕی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی، لەسەر سێ‌ پۆستی سیادییە، كە لەكابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەر پارتی دیموكرات دەكەوێت.

بڕیاربوو ئەم هەفتە ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكرات كۆببێتەوەو كۆبوونەوەكەش بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی ئەو حیزبەیە بۆ كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجامنەدرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، بەهۆی ململانێی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی لەسەر چەند پۆستێكی كابینەی نوێ‌، كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی پارتی ئەنجامنەدراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ململانێكانی نێچیرڤان‌و مەسرور لەسەر پۆستەكانی وەزارەتی سامانەسروشییەكان‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی دەرەوەو وەزارەتی ناوخۆ.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بەهۆی ئەو ململانێیانەوە، تائێستا هیچ كام لەپۆستەكانی كابینەی داهاتوو ئەوانەی بەر پارتی دەكەون كاندیدەكانیان بۆ یەكلانەكراوەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتییە، كە كاندیدی حیزبەكەیەتی بۆ سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانیش ئەندامی مەكتەبی سیاسییەو كاندیدی پارتی دیموكراتە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، كە ململانێیەكی زۆر لەنێوانیان هەیە بۆ ئەوەی كەسانی نزیك لەخۆیان لەپۆستە سیادییەكان دابنێن.

هـ ـ ح