فراکسیۆنى نەوەى نوێ: لەکەرکوك و ناوچەکانی تر جوتیارانی کورد کەوتونەتە بەر شاڵاوی تەعریب

عیراق

18/05/2019‌ 485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت،ھێشتا چارەسەری قەیرانی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان نەکراوە کە لە مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقیدا بنەما و رێکارەکانی چارەسەری ئەو کێشەیە خراوەتە ڕوو.

لە راگەیەنراوێکدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەى دۆخى ناوچە کێشە لەسەرەکان رایگەیاندوە"دوای ١٦ ساڵ لە کەوتنی رژێمەکەی صەدام حسێن و پەسەندکردنی دەستور و چوار ھەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ھێشتا چارەسەری قەیرانی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان نەکراوە کە لە مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقیدا بنەما و رێکارەکانی چارەسەری ئەو کێشەیە خراوەتە ڕوو".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە بری دۆزینەی ئامرازی کاریگەر بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، ئەم رۆژانە لە پارێزگای کەرکوك و بەشێك لە ناوچەکانیتر، جارێکیتر جوتیارانی کورد کەوتونەتە بەر شاڵاوی ھەڕەشەی تەعریب و ھەروەھا لە خانەقین و پارێزگای کەرکوك تا دەگات بە مەخمور و دەشتی نەینەوا، ژیان و ماڵ و موڵکی دانیشتوانی ناوچەکە، لەژێر ھەڕەشەی ئیرھابی داعش و لەناوچون دایە.


فراکسیۆنى نەوەى نوێ باسى لەوەشکردوە، کێشەی تەعریبکردن و ئاسایش و ئیستیقراری ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەتی پارێزگای کەرکوك، بەرھەمی ئایدیۆلۆجیای توندڕەوی نەتەوەیی تەقلیدییە کە ھۆکاری سەرەکی ھەمو ئەو جەنگ و کارەسات و مەینەتیانەیە کە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردو بەسەر گەلانی ناوچەکە ھاتوە، هاوکات ئەوەش هاتووە، بۆ چارەسەری کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و گرفتە ھەڵواسراوەکانی تر لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان، پێویستە، لە سەرتاسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، کۆتایی بە ئایدیۆلۆجیای توندڕەوی نەتەوەیی و نەژادی و کاریگەرییەکانی بھێنین و تەنانەت بە یاسا قەدەغە بکرێت. 

 

لەبەشێکى ترى راگەیەنراوەکەدا فراکسیۆنى نەوەى نوێ، داواى کردوە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی لێپێچینەوە لە ھەمو ئەوانە بکەن کە یاسا پێشێل دەکەن و پەلاماری جوتیارانی کورد دەدەن لەو ناوچانە، داواشیکردوە، بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشەیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵە کە کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بە جدی وەربگرێت و تا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقی، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و حیمایەی نێودەوڵەتی.

 

هەروەها فراکسیۆنەکە داواشى کردوە ھێزی ھاوبەشی حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان، پێکەوە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ھەمو ناوچە کێشە لەسەرەکان بگرنە ئەستۆ.

س.هـ