تا دێت گرژی‌و دەستلەكاركێشانەوەكانی ناو كۆمەڵ زیاتر دەبێت

کوردستان

19/05/2019‌ 1241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا دێت ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی و كارگێڕ و كادرانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، كە دەست لەكاركێشانەوەی خویان لەكۆمەڵی ئیسلامی ڕادەگەیەنن زیاتر دەبێت‌و دەوترێت ژمارەیان لە ئێستادا زیاترە لە سەد كەس، كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە. 

لەو بارەیەوە ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبە، كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە پشتراستی ئەو ژمارەیە دەكاتەوە و دەڵێت: خەڵكی دیكەش هەیە لەوانەیە لە داهاتوودا دەستلەكاربكێشنەوە و لە داهاتوودا بەرنامە و كار و پڕۆژەی خومان دەبێت هەر وا دانانیشن ، ئێمە بەرنامە و ستراتیژی خومان دەبێت چ لە رێگای رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنیەوە بێت چ لە رێگای حیزبی سیاسی".

لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەحمەد زێباری لە دەنگی ئەمەریكا ، ئیسماعیل ڕەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە دەڵێت: گرژییەكان گەیشتە ڕادەیەك دەركەوتەو دەرهاوێشتەی خراپی دەبوو ئەوەی تەركیزی لەسەر دەكەم بریتیە لە نادادگەری ناعەدالەتی نەمدەتوانی سەلاحیاتی خوم جێبەجێ بكەم، زور مافی خوم خورا تەنازولم لێی كرد بەڵام مافی ئەو خەڵكە نەمتوانی چونكە ئەو خەڵكە دەنگی بەمن داوە، ئاخیر هۆكار ئەوەبوو داوای پازدە خۆلەكم كرد لە ئەنجومەنی سیاسی بمدەنێ جەنابی ئەمیریش موافقەی كرد بەڵام دواتر ڕێگە نەدرا بتوانم لەگەڵ ئەو بەڕێزانە قسە بكەم لە ئاستی ئەنجومەنی سیاسی بە ئامادەبوونی جەنابی ئەمیریش ( مەبەست لێی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ) دیاربوو مامۆستاش ئەو دەسەڵاتەی نەبوو بەداخەوە دەبوایە ئەو دەسەڵاتەی هەبوایە.

لەبارەی چۆنیەتی پێشوازیكردن و هەڵواستە لەسەركردنی بڕیاری دەستكاركێشانەوەی ئەو هەموو ئەندام و كادیرو بەرپرسانەی كۆمەڵی ئیسلامی لە لایەن مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانەوە ، ئەو ئەندام سەركردایەتیەی كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە لەوبارەیەوە گووتی "وەكو وڵامی ڕەسمی هیچم نەبیستووە بەس وەكو وڵامی لاوەكی كە لە كۆڕ و ئەوانەدا باس كراوە و بۆمن هاتووە بە سلبی قەزیەكان دەخوێنمەوە دەبوو ئەو لەوە گەورەتر بووایە كە ئەو قەزیەیە بگاتە ئەو ڕادەیە بە تایبەتی ئەو كە لە هەولێر دادەنیشێت، چەند جاریش سەرەدانیم كردووە و وەزعەكانم تێگەیاندووە ئەگەر وا بروات كۆمەڵی ئیسلامی بەرەو هەڵدێر دەچێت لە لایەن كۆمەڵێك خەڵكەوە كە ناتوانن ئیدارەی بدەن ، ناعەدالەتی لە هەندێك بابەتدا ناكرێت كەسێك سێ ئیش و سێ پۆستی هەبێت و كەسێكیش هیچی نەبێت ، بابەتەكان دوور و درێژە بە سی مقابلەش تەواو نابێت."

لەبارەی جیاوازی و ناعەدالەتی لە ژیان خوشگوزەرانی نێو ئەندام و كاربەدەستانی كۆمەڵی ئیسلامی ، ئیسماعیل ڕەسوڵ دەڵێت زیاتر ئەوەی كە دەبێتە ئەندام پەرلەمان وەزعی زور باش دەبێت و ئەوەی كە دەبێتە وەزیر وەزعی زور زور باش بێت ئەگەر نا بەشێك لە سەركردایەتیەكانیش خوم یەكێك بووم لە سەركردایەتیەكان لەوانەیە پۆلیسێك لەمن زیاتری وەرگرتووە ، بەڵام ئەو بابەتە هەستی پێ دەكرێت لە سەر هەندێك كەس لەوانەیە خانەنیشینی پەرلەمان بێت .

ناوبراو زیاتر دەڵێت: یەكێك لە بریارەكان بریارێكی پۆلیسی درا لەوەی كە ئەگەر دەگەرێتەوە لەماوەی سێ ڕۆژدا گەر نا كەسێكی تر دادەنرێت ، كۆی ئەو هەموو شتانە و كەڵەكەبوونی ئەو هەموو بریارە نادرۆستانە وای كرد كە وەزعەكە بەو ئاراستەیە بروات تازە ئێمە لەوان جیابووینەوە و بەرنامە و پڕۆژەی خومان هەیە ، نیازمان نەبوو لە ڕاگەیاندنیش باس بكەین و بڵاوبكەین كێشە و گرفتەكان گەیشتە ڕادەیەك كە دەیان بۆختان كرا هەموو ئەوانە ناچاری كردین كە ئەگەر ڕانەگەیەنرێت لەوانەیە دەرهاوێشتەی خراپتری هەبێت.

بۆچی مامۆستا عەلی باپیر ئەو كێشانەی نێو خوی حیزبەكەی چارەسەر نەكرد تا جیابوونەوەی لێ كەوتەوە ؟

ئیسماعیل ڕەسوڵ وتی "دەرئەنجام و سەرئەنجامەكە دەركەوت كە كێشەكە بچووك نیە دیارە ئەوانیش بەتایبەتی كۆمەلێك نیازیان هەبوو خەڵكەكە وەدەرنێن چونكە هیچ دەرگایەك نەمابوو تەنها دەرگای چوونە دەرەوە، ئەگەر نا ئەو خەڵكە بە پەرۆشەوە بوو و پرۆژەكان و ئیش و كارەكانیش بە ڕێك و پێكی دەكرا تا ڕادەیەكی باش لە لایەن ئەو خەڵكەی كە ئێستا لە دەرەوەن".

بەرنامە و پڕۆژەی داهاتووی ئەوانەی كە دەستیان لەكاركێشایەوە ئایا رەوتێكی تری سیاسی دادەمەزرێنن ؟

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە دەڵێت" لە هەڵسەنگاندن و واقعی هەرێمی كوردستان و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیداین بەچ شێوازێك ئێمە بتوانین لە هەرێمی كوردستان خزمەت بكەین بە شێوازێكی فراوان خزمەت بە هەموو چین و توێژەكان بكەین لە داهاتوودا ولەبەر ئەوەی ئێمە تەنها ئەو دوو كەسو سێ و چوار كەسە نین كە پێشتر واباس دەكرا ئێمە خەڵكێكی باشمان لەگەڵە خەڵكێكی ڕۆشنبیر خەڵكێك لە ئاستی باڵادایە خەڵكێكی خوێندەوار و شارەزا و ماندونەناسە، ئێمە بەرنامە و ستراتیژی خومان دەبێت چ لە رێگای رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنیەوە بێت چ لە رێگای حیزبی سیاسی لە داهاتوودا ئەوانە ئەگەرن بەڵام ئێمە حەتمەن هەر بەو شێوازە دانانیشین، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەحزابی سیاسی لەگەڵ رێكخراوەكانی ئێن جی ئۆ پێمان وایە بتوانین خزمەتێك بكەین".

هـ ـ ح

بەپەلە