تاران خوێنی لێدەچۆڕێت.. تەنگژەكە دۆخی ئێران دەگۆڕێت

ڕاپۆرت

21/05/2019‌ 2453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەر ڕۆژێك تێدەپەڕێت، بە هۆی ئەو سزا ئەمریكییانەی بەسەریدا سەپاون، ئێران خوێنی زیاتری لێ دەچۆڕێت، كە زیاتر لەنیوەی ئەوە لە دەست دەدات ‌ ساڵێك لەمەوبەر دەستی دەكەوت، ئەگەر ئەو خوێنداچۆڕانەی ئێران بەم چەشنەی ئیستای بەردەوام بێت، ئەوا ڕژێمەكەی هەڕەشەی ڕوخانی لەسەرە، بۆیە هەر بە ڕاستی ئێمە دیمەنی جەنگێك دەبینین، كە فیشەكێكی تێدا ناتەقێت. 

لە هەمان كاتدا و وەك هەر جەنگێكی دیكەی ئازاربەخش، دۆخی ئێستا، ئێرانی كردووەتە پڵنگێكی بریندار، كە ئامادەی چوونەناو هەر جەنگێكە، ئەمەش پێچەوانەی ڕەووشتی جارانیەتی، هۆكارەكەش ئەوەیە كە تاران لە دۆخێكی پڕ مەترسیدایە.  

ئەمەش پاڵ بەهەموو لایەنە نەیارەكانی ئێرانەوە دەنێت، چاوەڕوانی ئەوەبن كە ئاخۆ ئێران یان میلیشیاكانی لە ناوچەكە چی دەكەن، هەروەك هەفتەی ڕابردوو كردیان و دوو هێرشیان كردەسەر ئیماڕات و سعودیە.

ئەمجارە بەرەنگاربوونەوەكە جەنگێكی ڕیكلامی نییە، بەڵكو جەنگی مان و نەمانە، بە پێچەوانەی جارانی پێشووەوە كە گەمەی سازش و سازشكاری بوون، فشار بوون بو گەیشتن بە ڕێككەوتنانەی گونجاو. جا لەبەر ئەوەی ئێران لە مڕۆدا بە هۆی خوێنلێچۆرانی ڕۆژانەیەوە بریندارە، بۆیە لەوانەیە كاردانەوەكانی لە جاران دڕترانەتربن. نابێت ئەوەشمان بیرچێت كە ئێران چەند ئەركێكی لەسەرن ناتوانێت پێش و پاشی یەكتریان بخات، هەموویان گرنگن بۆ مانەوەی، دەبێت چالاكییە ناوخۆییەكانی پارەدار بكات، موچەی فەرمانبەرانی بدات، نابێت بیرمانچێت كە زۆرینەی كاڵا سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتیانی بە بڕە پارەیەكی زۆر دەستەبەر دەكات، ئەمە جگە لە ملیارەها دۆلاری ساڵانە كە میلیشیاكانی پێ پارەدار دەكات كە لە سوریا و لوبنان و یەمەن و شوێنی دیكە دەجەنگن. بەهۆی گەمارۆی سەریەوە، ئێستا ناتوانێت هەموو ئەو ئەركانەی باسكران جێبەجێ بكات، لە هەمان كاتیشدا خۆپێشاندانەكان لە سەرتاسەری ئێران بەردەوامیان هەیه،‌ كە لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی سەری لە ساڵی پارەوە بەردەوامن، بە هۆی دۆخی نالەباری بژێوی خەڵكەوە.

ئێران پێی وایە بە هەڕەشە كردن لە دەروازەكانی كەشتیڕانی و بارهەڵگرە نەوتییەكان، بۆردومانكردنی دامەزراوە نەوتییەكان، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرز دەكاتەوە، ئەمەش تەنگژەیەكی ئابوروی لە ئەمریكا و جیهانیشدا دێنێتەكایەوە، هەڕەشەش لە دەرامەتەكانی دەوڵەتانی كەنداو دەكات. بۆیە بەو ئومێدەیە واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی ناچار بە پاشەكشە بكات لەو گەمارۆیەی بە سەریاندا سەپاندووە، یان بە مەرجی باشترەوە دانوستانی لەگەڵ بكەن. بە بۆچوونی من، هیچكام لەم دووانەی بۆ مەیسەر نابن، لە كۆتایدا سەركردە ئیرانییەكان ناچاردەبن پەیوەندی بە سەرۆكی ئەمریكاوە بكەن و لە بواری سەرەكیدا بۆی داشكێنن. ئەمڕۆ ئێرانییەكان باش باش دەزانن كە شیمانەی (احتمال) دووبارە بردنەوەی دۆناڵد تڕەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا لە گۆڕێیە، گرەوكردنیش لەسەر دۆرانی تڕمپ لەو هەڵبژاردنەی ئایندەدا سەركێشییەكی خراپە و ئێران تووشی ئازار و مەینەتی زیاتر دەكات.

لە دەرئەنجامی ئەو فشارانەی لە سەروە باسكران و لە ترسی تەقینەوەی دۆخەكە، كەشتییە جەنگییە زەبەلاحەكان ملی دەریایان گرتووە و بەرەو ناوچەكانی پشێوی و بارگژی نزیك ئێران و میلیشیاكانی ملیان ناوە، چونكە سەختە لەم دۆخە ناسرووشتییەی ئێستادا، پێشبینی ئەوە بكەین ئێران چی دەكات. بژاردەكانی بەردەمی ئەوەن: یاخود جەنگێكی بەرفراوان هەڵگیرسێنێت، كە ئەمەیان ڕژێمەكەی دەڕوخێنێت، یاخود دان بە جەرگی خۆیدا بنێت تا ئەو كاتەی دەگاتە ڕێككەوتنێك لە ئایندەدا.

پرسیارەكەش ئەوەیە: بۆچی جەنگێك دژ بە ئێرانە هەڵنەگیرسێنین، بەمەش ڕێگەی دوورمان كورت بكەینەوە و ڕژێمە شەڕانگێزەكەی ئێرانیش بڕوخێنین؟ 

وەڵامەكەش ئەوەیە: كە هەمیشە لێكەوتی جەنگەكان مەترسیدارن، هیچ كەس وێرانكاری و پشێوی و پاشاگەردانی زیاتری ناوێت بۆ ناوچەكە. خۆ ئەگەر لە توانادا بێت ڕژێمی ئێران ناچار بكرێت بەوەی ڕەفتاری خۆی هەموار بكاتەوە، ئەمە سەركەوتنێكە و باجێكی كەمتری تێدەچێت، خۆ ئەگەر ڕەتی بكاتەوە ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت، خوێنلێچۆرانەكەی بەردەوام دەبێت و چارەنووسیشی گلان و هەرەسهێنانە.

هەر ئەمەش پاڵ بە ئەمریكا و دەوڵەتانی ناوچەكەی وەك سعودیەوە دەنێت ‌، ئەوە دووپات بكەنەوە كە جەنگیان گەرەك نییە، چونكە لە كۆتایدا دەتوانن ئامانجەكانیان بێننەدی، بێ ئەوەی خۆیان تووشی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی بكەن.

سەرچاوە: شەڕقولئەوسەت
نووسین: عەبدولڕەحمان ڕاشد
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر