لیستی نەسر رەخنەی توند لە فوئاد حوسێن دەگرێت

عیراق

25/05/2019‌ 1196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
یوسف كیلابی ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی نەسر رایگەیاند، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی لە ماددەی ١٠ دا  یاسای بودجەی پێشێلكردووە ، كە دەڵێت: دەبێت هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی شایستە داراییەكانی وەربگرێت دەبێت رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات .

كیلابی لەلێدوانیكیدا  رایگەیاند، نووسراوی فەرمی هەیە وەزارەتی نەوت پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووەو تێیدا دەڵێت هەرێم لەماوەی چەند مانگی رابردوودا پابەند نەبووە بەرادەستكردنی داهاتە نەوتییەكانی.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان راشیگەیاند، وەزیری دارایی لەكاتی بانگهێشتكردنی بۆ پەرلەمان وەزیری هەموو عێراقییەكان نەبوو ، بەڵكو بەرگریكاری هەرێمی كوردستان بووە و پۆستەكەی قۆستووەتەوە، ئەوە لەكاتێكدا سوێندی دەستووری خواردووە بەوەی وەزیری هەموو عێراقییەكان بێت .

هەروەها دەشڵێت: ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دوو بژاردەیان خستووەتە بەردەم وەزیری دارایی ، یەكەمیان بەوەی تا كۆتایی مانگی شەش مۆڵەت بدرێت بە هەرێم بەوەی نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات ، دووەمیشیان ئەوەیە لەئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە پۆستەكەی لێوەربگیرێتەوە.

كیلابی ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئەنجوومەنی نوێنەران هەموو دۆسییەكانی هەرێم هەڵدەداتەوە وەك هەناردەی نەوتی هەرێم كە ٢٥٠ هەزار بەرمیل زیاترە ، هەروەها ئەو گرێبەستە نەوتیانەی هەریم لەدەرەوەی چوارچێوەی حكوومەتی فیدراڵی كردوونی ، ئەوە جگە لە دۆسیەی بەتاڵانبردنی نەوتی هەرێم .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی