عەلاوی نێوەنگیری دەكات.. بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم پارتی بەرتیل دەدات

عیراق

25/05/2019‌ 2262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی لوبنانی باس لەوە دەكات، كە دەسەڵاتدارانی هەولێر بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری پێشووی كەركوك ئۆفەری دارایی گەورەیان پێشكەش كردووە، كە برەكەی بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەـڵێنرێت.

رۆژنامەكە باس لەوەش دەكات، كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی وەك نێوەندگیرێك هاتووەتە سەر خەت‌و كار بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم دەكات، كە لەبەیروت راگیراوە .

رۆژنامەی "ئەلئەخبار"ی لوبنانی لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات، نێچیرڤان بارزانی جێگری هاتووەتە ناو بابەتەكە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدا نەجمەدین كەریم رادەستی بەغدا بكرێتەوە.

 ئەوە لەكاتێكدا ئەوانەی چاودێرن لەسەر جوڵەی بانكی عێراقی دەڵێن ئاڵوگۆڕی دراو لەنێوان هەولێر و بەغدا و بەیرووت بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە  ، ئەوەش بەئامانجی دەربازكردنی نەجمەدین كەریم لەو تەنگژەیەی تێیكەوتووە بەجۆرێك دەوترێت ئۆفەری گەورە، كە بەدەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت خراوەتە بەردەم چەند لایەنێكی عێراقی و لوبنانی.

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لەسەر داخوازی مەسعود بارزانی دەستی كردووە بە نێوەندگیری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان ، باس لەوەش دەكرێت عەلاوی بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ سەعد حەریری سەرۆك وەزیری لوبنان هەیەتی دەتوانێت ئەو نێوەندگیرییە تەواو بكات .

ئەو رۆژنامەیە بەپشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی عێراقی ئەوەشی بڵاویكردەوە، بەغدا هەموو هەوڵ و گوشارەكانی بۆ ئازادكردنی كەریم رەتكردووەتەوە ، بەتایبەت ئەو كەسە داواكراوی دادگای فیدڕاڵییە نەوەك دادگای هەرێم.

هەروەها بڵاویكردەوە، هیچ ڕێگرێك نییە لەوەی نەجمەدین كەریم لەناو خاكی لوبنان بمێنێتەوە ، ئەوەی دەشوترێت بەغدا پەلەیەتی لەوەی بەخێرایی نەجمەدین كەریم بگەڕێنرێتەوە بۆ بەغدا دوورە لەراستییەوە، ئەوان دەڵێن ئێمە ئەوەمان دەوێت ، بەڵام دەمانەوێت دادگا ڕێرەوی خۆی وەربگرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی