هاوپەیمانەكانی ئێران ئامادەن.. سیناریۆكانی ئەگەری جەنگ دژی ئەمەریكا

جیهان

30/05/2019‌ 1828 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كاتێكدا ئێران و ئەمەریكا هەڕەشە لە یەكتری دەكەن و هێزە سەربازیەكانی ئەمەریكا لە كەنداو بەرەو زیاد بوون دەچێت لە میانی ناردنی كەشتیەكان و فرۆكەی جەنگی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئالۆزی و گرژیەكانی نێوان ئەو دوو ولاتەی زیاتر كردوە.

ئامادەكاریەكانی ئەمەریكا و ناردنی زیاتری هێزە دەریای و ئاسمانیەكانی بۆ ناوچەی كەنداوی دراوسێی ئێران ئالۆزیەكانی زیاتر كردوە، ئەم هەنگاوانەی ئەمەریكا وای كردوە سەركردایەتی سەربازی ئێران دەست بەجەمسەرگیری و خۆئامادەكردن بكات لە ناوخۆو دەرەوەدا.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، وتاری سیاسی ئێرانی لەم ماوەیەی دواییدا روەو یەكگرتویی دەچێت لە نێوان سەرجەم ئەندامانی كۆمەڵگەدا بۆ جڵەوگیری و دەمكوتكردنی هەر دوژمنكاری و هێرشێك لە ئایندەیەكی نزیكدا، سەرەرای پتەوكردن و بەهێزكردنی بەرگری سەربازی و هێشتنەوەی سوپای ئێران لەسەر ئاستێكی بەرزی ئامادەبوون بۆ ئەگەری هەر هێرشێك.

هەرچی ئاستی دەرەكیە، جوڵەی بەرپرسە ئێرانیەكانە، دیارترینیان فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسداران قاسم سلیمانی یە بۆ عێراق وەك ئاماژەیەكی روون بۆ خۆئامادەكردنێكی خۆپاراستن بۆ رووبەرووبونەوەی هەر كارێكی دوژمنكارانەی ئەمەریكا.

ئەم جولانەش رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشكرای كردوە لە راپۆرتێكیدا بەوەی سەردانەكەی سلیمانی لەسەر بنەمای گۆرانكاریەكانی ناوچەكەیە و چاوپێكەوتنی هاوپەیمانەكانی ئێرانە لە ناوچەكەدا، دیارترینیان حەشدی شەعبی و بەرپرسە سەربازیەكانی ترە لە وڵاتانی تر، بە شێوەیەك فەرماندەی فەیلەقی قودس ئەوەی گەشتاندوە كە سەرجەم رێكخستنەكانی هاوپەیمانی ئێران ناچارن بچنە جەنگەوە لە حاڵەتی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەمەریكادا.

حەشدی شەعبی لە عێراق
حەشدی شەعبی ئینتمایەكی زۆری بۆ ئێران هەیە بە هێزێكی سەرەكی لە ولاتدا دادەنرێت و بەسەر زۆربەی خاكی عێراقدا بڵاوبونەتەوە، بە شێوەیەك توانی لە زۆربەی ناوچەكاندا بەسەرداعشدا سەربكەوێ، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بوو هەژموونی لە شارەكانی عێراقدا زیاد بكات.

لە حاڵەتی هەڵگیرسانی جەنگدا ئێران دەتوانێ پشت بە حەشدی شەعبی ببەستێت بۆ لێدانی ئەمەریكا و بەرژەوەندیەكانی لە عێراق، لە نێویاندا بارەگا دیبلۆماسیەكان و بنكە سەربازیەكان دەكرێنە ئامانج.

لای خۆیەوە سەركردایەتی ئەمەریكا پێشبینی خۆی بۆ قەبارەی لێدانەكان كردوە، و دەستیان كردوە بە رێكاری خۆپاراستن بۆ سنوردانان لە زیانەكانی ئایندە لە حالەتی جولانی هاوپەیمانەكانی ئێران، لە نێویاندا برندنەوەی فەرمانبەرەكان لە بەغدا و هەولێر بەرزكردنەوەی خۆ ئامادەكردن لە بنكە سەربازیەكانی عێراق.

سەردانیكردنی ئەم دوایەی پۆمپیۆ بۆ عێراق ئاماژەیەكی روون بوو دەربارەی دڵەڕاوكێی ئەمەریكا لە هاوپەیمانەكانی ئێران، مەبەستیشی حەشدی شەعبی بو بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێ.

حزب الله ی لوبنانی
حزب الله بە هاوپەیمانی سەرەكی تاران ئەژمار دەكرێت و پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی لێ وەردەگرێت هەر لە ساڵەكانی یەكەمی دەركەوتنیەوە لەسەر گۆرەپانی لوبنانی، ئەم حزبە لە میانی رووبەرووبونەوەدا لەگەڵ ئیسرائیل و رزگاركردنی باشوری لوبنان و چونە جەنگی سوریا وەك هێزێكی پاڵپشتی بۆ هێزە حكومیەكانی سوریا دژی گروپە تیرۆریستیەكان؛ توانی رۆڵێكی گرنگ ببینێ و ببێتە هێزێكی بەرچاو، بە رادەیەك هەندێ بۆچون بە هێزێكی هەرێمایەتی ئەژمار دەكەن بەوەی دەتوانێ هاوسەنگیەكانی ناوچەكە بگۆڕێ لە میانی رووبەرووبونەوەی ئیسرائیلدا.

هاوپەیمانەكانی ئێران لە لوبنان ئامادەن، ئەمەش لەسەرچاوە نزیكەكانی حزب الله وە بیستراوە، بەوەی حزبەكە لای خۆیەوە هێرش دەكاتە سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا ئەگەر بێت و دەستدرێژی بكرێتە سەر ئێران.

حزب الله گەنجینەیەكی گەورەی چەكی رۆكێتی هەیە، كە توانای پێكانی ئامانجە ئیسرائیلیەكانی هەیە، ئەمەش بەبێ گومان دەبێتە فشارێكی گەورە بۆ سەر ئەمەریكا؛ كە ئاسایشی تەل ئەبیب بە ئاسایشی خۆی دەزانێت.

حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەزە
هەردوو بزتنەوەی جیهاد و حەماس بە نزیكەكانی ئێران ئەژماردەكرێن، سەرەرای باشی پەیوەندی لەگەڵ بەرەی جەماوەری بۆ رزگاركردنی فەلەستین، ئەم بابەتە جۆرایەتی ئامرازەكانی فشاری ئێرانی زیاد دەكات لە میانی كردنەوەی بەرەیەكی تر لەسەر هاوپەیمانێكی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا لە میانی لێدانی ئامانجە ئیسرائیلیەكان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، بەمەش فشارێكی زۆر لەسەر تەل ئەبیب و پاشان ئەمەریكا دروست دەكات.

انصار الله لە یەمەن
هۆكارێكی تری فشار لەلایەن ئیرانیەكانەوە هەرەشەكردنە لە سعودیە لە میانی حوسیەكانەوە، رووداوەكانی ئەم دواییە لە كاتی هێرشكردندا بۆ سەر هەردوو وێستگەی نەوتی سعودیە و هەواڵەكانی بەندەری فوجەیری ئیمارات، ئەوەی سەلماند؛ ولاتانی كەنداو لە ئارامیدا نین، و وەك سەردەمی جەنگەكانی عێراق  و كوێت بە بێ كێشە ناژین.

حوسیەكانیش توانیویانە وەك هێزكی كاریگەر لە جەنگی یەمەنیدا دەربكەونو هێرشەكانیان گەیشتۆتە پایتەختی شانشینی سعودیە، ئەمەش وای كردوە سعودیە لەژێر هێرشەكانی حوسیەكان؛ هاوپەیمانی ئێراندا بن لە ناوچەكە، پاشان هۆكارێكی تری فشاری نوێیە بەدەست ئێرانەوە لە رووبەرووبونەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا