ئاڵتوونی سەوز.. شەڕی فستق جەنگێكی نوێ لەنێوان ئەمریكاو ئێران

جیهان

02/06/2019‌ 3023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەناو گرژییەكی سیاسی و سەربازیندان و لەم چەند هەفتەیەی دواییش ئاستی ئەو گرژیانە ڕووی لە هەڵكشان كرد ، ئەوەش ئەگەری ئەوەی هێنایە گۆڕێ كە رەنگە رەوشەكە بەرەو ڕوودانی جەنگ لەنێوان هەردوو وڵات هەنگاو بنێت .

ململانێی نێوان ئێران‌و واشنتۆن چەند لایەنێكی دارایی گرتۆتەوە و بەسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەكانی بۆسەر سەرچاوە داراییەكانی ئێران زیاتر خۆی دەرخست ، بەڵام شارەزایان دەڵێن جەنگی فستق جاریكی تر پەردەی لەسەر رووی ئەو ململانێیە هەڵدایەوە ، بەهۆی ئەوەی ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گەورەترین بەرهەمهێنەری فستقن لەجیهاندا .

ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەیەكەوە نزیكەی ٧٠% بۆ ٨٠% هەموو بەرهەمی فستقی جیهان بەرهەم دەهێنن ، بەو جۆرە لەجیهاندا دەستیان بەسەر بازاڕی زێری سەوزدا گرتووە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییە ئەمەریكییەكان ، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فستق لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا كە نزیكەی ٩٠% هەموو بەرهەمی ئەمەریكی لە فستق بەرهەم دەهێنن ، هەوڵ دەدەن توندترین گەمارۆی ئابووری بخرێتە سەر ئێران ، لەبەر ئەوەی ئێران یەكێكە لەو وڵاتە  ناسراوەكانی جیهان  لەبەرهەمهینان و هەناردەكردنی فستق و چەرەسات بۆ دەرەوە.

چاوەڕێش دەكرێت رۆژنامەنووس یاشا لیڤین و رۆمان ویرنهام فلیمێكی بەڵگەنامەیی بەناونیشانی "جەنگی فستق" لەنێوان ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكان بەرهەمبهێنن .

ئەو  فلیمە بەڵگەنامەییە لەوە دەكۆڵێتەوە كە چۆن و بەچی ڕێگایەك پیاوی خاوەنكاری ئەمەریكی ستیوارت ریسنكسن توانیویەتی بێتە ناو بازاری چەرەسات و چۆن توانیویەتی لەسەر حسابی ئێران بێتە ناو  بازاڕی جیهانی.

بەڵگەنامەییەكە باس لە سەركەوتنی گرووپی "وۆندەرفوڵ كۆمپانی" كە خاوەنی كۆمپانیایەكی فستقە  لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا ، كە چۆن بەشێوەیەكی گەورە سوودی لە گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران وەرگرتووە ، كە ئەوە بۆ ژمارەیەكی زۆری جوتیارانیش هەر وایە .

لە مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٨ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند كە وڵاتەكەی لە رێكەوتننامەی ناوەكی لەگەڵ ئێران پاشەكشە دەكات و دواتر كۆمەڵێك گەمارۆی ئابووری توندی بەسەر ئێراندا سەپاند ، كە بەقسەی بەرپرسانی ئەمەریكا ئەوە بەهۆی تاقیكردنەوە مووشەكی و بەرنامە ناوەكییەكەی تاران و رۆڵی ئەو وڵاتە لە تێكدانی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراستە .

وەرگیران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی