فشارەكان بۆ سەر هەرێم زیاتر دەكرێت
داوا دەكرێت بەغدا لەڕێگای دادگاوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگرێت

عیراق

04/06/2019‌ 2211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولرەحمان لویزی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران داوا لەعادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیران دەكات لەرێگای دادگاوە موچەی فەرمانبەرانی هەریم رابگرێت .

لویزی لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاندووە، كە پەیوەست بە بابەتی نەوت ، یاسای بودجە پەیوەندی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕێكخستووە ، لەبەرانبەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت هەرێمیش ئەو بڕە نەوتەی، كە لەیاسای بودجە ئاماژەی پێكراوە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات ، بەڵام ئەو گرێبەستە لەلایەن هەرێمەوە پێشێلكراوە بەوەی پابەند نەبووە بەیاسای بودجە و هیچ برێك نەوتی رادەستی بەغدا نەكردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران راشیگەیاندووە، پابەند نەبوونی هەرێم بەیاسای بودجە ئەو مافە بە بەغدا نادات ئەویش پیشێلكاری یاسایی بكات ، بەڵام دەكرێت عادل عەبدول مەهدی داوای یاسایی لەسەر هەرێم تۆمار بكات.

باسی لەوەش كردووە، رێگایەكی یاسایی هەیە دەكرێت لەڕێگایەوە خەرجكردنی مووجەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگیرێت ، ئەویش بەهۆی ئەوەی هەرێم ئامادە نییە پابەندی یاسای بودجە بێت.

لویزی ئەوەشی راگرتووە، كە بۆ راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم حكومەتی فیدڕاڵی پێویستی بە رێوشوێنی یاسایی و دادوەری هەیە . 

ئەمە لەكاتێكدایە سەرەتای ئەم هەفتەیە عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، هەرچەندە هەرێم داهاتی نەوت رادەست ناكات، بەڵام موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕن، لەگەڵ ئەوەش بودجە رادەست ناكەن بەهەولێر.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی