مەككە بۆ هەتاهەتایە دەگۆڕێت.. "خزمەتكردنی میوانانی ماڵی خودا"

جیهان

07/06/2019‌ 10252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆر كەم زانراوە لەبارەی "خزمەتكردنی میوانانی ماڵی خودا"  ئەم بیرۆكەیە "دیدگای شانشینی سعودی بۆ ساڵی 2030" یەكێكە لەو بیرۆكانەی جێگەی سەرسامی‌و بایەخپێدانی جیهانە، ئامانجیشی هاویشتنی قەڵەمبازێكی تازەی جۆرییە لە خزمەتگوزارییەكانی حەج و عەمرە. 

شا سەلمانی پاشای سعودییە ئەو هەنگاوەی دەستپێكردووە، لە ماوەی ساڵانی پلانەكەداو بە پلەبەندی كار بەم دیدگایە دەكرێت، ئامانجی لەخۆگرتنی 30 ملیون عەمرەكەر و 5 ملیۆن حاجییە لەجیهاندا، ئەمە ژمارەیەكی زەبەلاحە بە بەراورد بە 9 ملیۆن حاجی‌و عەمرەكارانی ئێستا و توانستی خزمەتگوزارییەكانی ئێستای حەج و عەمرە.

كاتێك ئەو پڕۆژە تەواو دەبێت، مەككە دەكەوێتە حاڵەتی حەج‌و عەمرەی نیمچە ڕۆژانەوە بۆ هەموو جیهان، پڕۆژەكە گەورەترین ئاڵینگارییە لەبەردەم پلاندانەرو جێبەجێكارانی سعودییە، 35 ملیۆن سەردانكەری مەككە، بەگەورەترین ژمارەی سەردانكەرانی شارێك دادەنرێت  لەجیهاندا. 

ساڵانە 20 ملیۆن كەس سەردانی هۆنگ كۆنگ دەكەن كە زۆرینەیان خەڵكی ناو چینن. لەندەن 19 ملیۆن كەس، پاریس 17 ملیۆن كەس، دوبەی 15 ملیۆن كەس، نیویۆڕك 13 ملیۆن كەس. 

ئاڵێنگارییەكە بۆ مەككە لە لەخۆگرتنی 35 ملیۆن موسوڵمانی سەردانكەرە، ژمارەكە گەورەترە لە شارەكانی دیكەی جیهان، چونكە زۆرینەی سەردانیكەران بەتەمەنداچوون و كەم داهاتن، بە زمانی ووڵاتانی خۆیان قسە دەكەن، هەموویان تەدارەكی حەج لە هەمان شوێندا جێبەجێ دەكەن.

دەستەیەكی شانشینی بۆ شاری مەككە و شوێنە پیرۆزەكانی پێكهاتووە، كە میر محەمەد بن سەلمان سەرۆكایەتی دەكات،  هەر خۆشی خاوەنی ئەو دیدگایەیە كە گۆڕینی سعودیەی وە ئەستۆی خۆی گرتووە، تاوەكو بیكاتە یەكێك لە هەرە دەوڵە پێشكەوتووەكانی جیهان.

دەستە شاهنشاییەكە، ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی تازەی گرێدا، بڕیاری لەسەر ووردەكاری پلانەكەدا، بەمەش ووردەكارییە ستراتیژییەكانی ئامادەكران. پێم وایە پێویستە لەسەر پلاندانەرە تازەكان لە لۆژیكی باڵەخانە كۆنەكان دەرچن كە هەموو ناوەڕاستی شارەكەی داگیر كردووە، لەوێ باڵەخانە زەبەلاحەكەی مزگەوتی حەرامی تێدایە كە هەموو مەككەیە! ئیدی ئەو ناوەڕاستە بۆتە دارستانێك لە چیمەنتۆ و بەنرخترین شوێنی جیهان، بارگرانییەكی زۆری خەرجیشە بۆسەرشانی ئەوانەی دەیانەوێت بەرەوپێشی بەرن، زۆر قەرەباڵغ بووە، بەشێوەیەك ئاسان نییە  خزمەتگوزاری تیدا پێشكەش بكەیت و دەستەبەری سەلامەتی ئەوانە بكەیت كە تێایدا لە هاتووچۆدان.

چارەسەر ئەوەیە لە دەرەوەی ئەو ناوەندە باڵەخانەكان بنیات بنرێن، سەردانیكەرانیش بە شەمەنەفەری كارەبای بگوازرینەوە. چەند مانگێك لەمەوپێشیش، ئەم تۆڕە كەوتەكار كە دەتوانێت لە ساڵێكدا 60 ملیۆن سەرنشین بگوازێتەوە، لە فڕۆكەخانەی جەدە وە بۆ مەككە بە نیو كاتژمێر، بۆ شاری مەدینەش بە دوو كاتژمێر. تۆڕەكە كارایی خۆی نیشاندا، چاوەڕوانیش دەكرێت فراوانتر بكرێت و شەمەنەفەری میترۆ لە ناو مەككەوە بەرەو دەرەوەی ناوەندی مەككە و بەرە و جەدە و تائیف ڕێ بكات.
 
چاوەڕێی ئەوە دەكەین خزمەتگوزارییەكان لە مەككە پەرەبستێنن، تاوەكو ئەو شارە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سەردانیكەران ئاسان و بەردەست بێت كە بە درێژایی ساڵ ڕووی تێدەكەن، نەوەك بۆ ماوەی دوو هەفتەی ساڵ هەروەك ئێستا هەیە، تاوەكو ئەو پڕۆژەیە ببێتە مایە شانازی سعودیە  لە خزمەتكردنی میوانانی ماڵی خودا، بەوەی 35 ملیۆن كەس ساڵانە سەردانی دەكەن. 

دەبێت چاكسازی لە یاساكانیشدا بكرێت، بە ئاسانی ڤیزاكان وەرگیرێن، گەشت و خزمەتگوزارییەكان ئاسان بەردەستبن، گواستنەوەی خەڵكانیش لە مەكەوە كە پێشتر شەكەتی و ماندووبوونی زۆری تێدابوو ، تەواو سوك ئاسان بكرێت و شایستە بێت بەو هیوا و ئومێدەی لەسەر پڕۆژە تازەكە هەڵچنراوە.

سەرچاوە: شەرقلئەوسەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر