نوێترین هەڕەشەی ئەمریكا لەتوركیا.. تاكۆتایی ئەم مانگە دەرفەت لەبەردەم ئەنقەرەیە

جیهان

08/06/2019‌ 1572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەناڵی "حوڕرە"ی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، كە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی بەشداری توركیا لەبەرنامەی درووستكردنی فرۆكەی ئێف-٣٥ و دوورخستنەوەی فرۆكەوانە توركەكان و ناردنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان راگەیاندووە.

كەناڵەكە بڵاویشیكردەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەلین لۆرد یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكی بە وەكالەت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەگەر تاوەكو ٣١ی حوزەیران توركیا دەستبەرداری گرێبەستی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ نەبێت ، ئەوە ئەو فرۆكەوانە توركانەی ئێستا لەوڵاتە یەكگرتووەكان راهێنانیان پێدەكرێت دەنێردرێنەوە بۆ توركیا و بەشداری توركیاش لەدرووستكردنی بەشەكانی فرۆكەی ئێف-٣٥ هەڵدەوەشێنرێتەوە و توركیا چیتر بەشێك نابێت لە درووستكردنی فرۆكەكە .

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە وەرگرتنی ئەو هەڵوێستەی بۆ ئەوە گێڕایەوە، كە توركیا سەربازانی وڵاتەكەی ناردووەتە روسیا بۆ راهێنان لەسەر بەكارهێنانی سیستەمی مووسەكی ئێس-٤٠٠.

لەئێستادا چوار فرۆكەوانی تورك لە بنكەی ئاسمانی لۆك لە ویلایەتی ئەریزۆنا راهێنانیان پێدەكرێت ، هەروەك دوو فرۆكەوانی تریش لە قۆناغی خوێندندان ، جگە لەو شەش فرۆكەوانە توركە ٢٠ سەربازی تریش لەسەر كاری سیانە و چاككردنەوەی فرۆكە ڕاهێنانیان پێدەكرێت .

ناكۆكییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە لەسەر ئەوەیە كە واشنتۆن دەڵێت ناكرێت توركیا لەیەككاتدا ببێتە خاوەنی فرۆكەی شەبەحی ئێف-٣٥ و سیستەمی مووشەكیی ئێس-٤٠٠ ، لەبەر ئەوەی بەقسەی بەرپرسانی ئەمەریكا ئەو جۆرە سیستەمە مووشەكییە رووسییە هەڕەشەیە لەسەر فرۆكە ئەمەریكییەكان و دەتوانێت داتا و زانیارییەكانی ناوی لەبەرژەوەندی رووسیا دزە پێبكات .

لە ڕوسیاش سێرگی چیمیزۆڤ سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێری كۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی رووسی "رۆستیك" وتی: هەموو شتێك بەباشی بەڕێوە دەچێت ، پیمان وایە لەماوەی لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا دەستدەكرێت بە رادەستكردنی ئێس-٤٠٠ بە توركیا.

لەلایەكی ترەوە ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری دوو بەرپرسی پنتاگۆن باسی لەوە كردووە، كە واشنتۆن بڕیاریداوە چیتر هیچ فرۆكەوانێكی تری تورك وەر نەگرێت بۆ راهێنان لەسەر فرۆكەی ئیف-٣٥ .

دوو بەرپرسە ئەمەریكییە وتبوویان: دەرگا لەبەردەم پەشیمان بوونەوە لەبەردەم ئەو بریارە هەیە ئەگەر بێت و توركیا لەكڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ پاشگەز ببێتەوە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی