هەواڵگری ئەمریكا هەماهەنگی سەربازی "مەترسیدار"ی نێوان سعودییەو چین ئاشكرادەكات

جیهان

08/06/2019‌ 2656 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆڕی "سی ئێن ئێن"  ئەوەی ئاشكرا كرد، كە دەزگای هەواڵگری "ڕازگر" ئەمریكا "CIA" ، زانیاری دڵنیاكەرەوەی پێگەیشتووە، كە سعودییە بە هاوكاری چین، خەریكی بنیاتنانی پرۆگرامی موشەكی بالیستییە.

تۆڕەكە لە سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، سعودییە كۆششەكانی خۆی لەو بارەوە چڕكردوونەتەوە و لەمەشدا چین هاوكاریەتی، ئەمەش بەربەست بۆ كۆششەكانی واشنتۆن دروست دەكات لە سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی چەكەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لێكۆڵینەوەكانی "سی ئین ئین" ، بە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی زانیاری پارتی دیموكراتی ئەمریكا، ئەوەیان دەرخستووە كە دۆناڵد تڕمپ بە ئەنقەست ئەو زانیارییە ڕازگرییانەی لە كۆنگرێس شاردوونەوە سەبارەت بەو پرۆگرامە موشەكییەكەی سعودیە. 

هەمان ئەو سەرچاوانە ووتوویانە كە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا دڵەڕاوكێی هەیە سەبارەت بە ڕادەی پابەندبوونی ئیدارەكەی تڕەمپ بە سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی چەكەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چین نەیاری ئەمریكایە، بۆیە سعودیە بە نهێنی پشتی پێ دەبەستێت بۆ پەرەپێدانی  پرۆگرامە موشەكییەكەی، ئەمەش جێگەی نائومێدی واشنتۆنە.

بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكانی " سی ئین ئێن" ، دەزگای ڕازگری ئەمریكا زانیاری نهێنی لان سەبارەت بە هەوڵەكانی سعودیە بۆ بەرفراوانكردنی ژێرخانە تەكنەلۆجی و موشەكە بالیستییەكانی بە هۆی سەودا و مامەڵەوە لەگەڵ چیندا.

لێكۆڵینەوەكان ئەوەشیان دەرخستووە، كە هاریكاری نهێنی نێوان ڕیاز و پەكین جێگەی مەترسییە بۆ گۆنگرێس، چونكە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پێشبڕكێی چەكسازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لێكۆڵینەوەكان ئەو پرسیارەشیان ورژاندووە، كە ڕەنگە واشنتۆن لەژێرەوە ئاگاداری ئەو هەنگاوەی سعودیە بێت  وەك كۆششێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. 

ئاشكراكردنی ئەو نهێنییەش بە هۆی ئەو ناكۆكییەوەیە كە لە نێوان كۆنگرێس و كۆشكی سپی سەبارەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ سعودیەدا سەریهەڵداوە.

سەرباری ڕەخنەی دیموكرات و كۆمارییەكان لە سعودیە بە هۆی كوشتنی خاشقچی و جەنگی یەمەنەوە، بەڵام كۆشكی سپی بە پاڵنەری بەرژەوەندی  ئابووری، بەپەرۆشە بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕیازدا،ئەمەش لەم دوایانەدا ڕوون بۆوە كە واشنتۆن سەرباری ناڕەزایی كۆنگرێس، كەچی بە بەهای ملیارەها دۆلار چەكی بە سعودیە فرۆشتووە.

هێشتا دەزگای ڕازگری ئەمریكا هەڵسەنگاندنی كۆتایی بۆ دۆسیەی هاوكاری نێوان سعودیە و چین نەكردووە، سەرچاوەكانیش دەڵێن ئەم هەنگاوەی سعودیە بە پەرەپێدانی پرۆگرامە موشەكییەكەی، كۆششی ڕیازە بۆ دەستگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی.

پێشتریش محەمەدی كوڕی سەلمانی جێنشین بە ڕوون و ئاشكرایی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، سعودیەش هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو چەكە دەدات.

لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بەو ڕاپۆرتە ڕایگەیاند" هەردوو لایەنی سعودی و چینی خاوەن پەیوەندی ستراتیژین لە سەرجەم بوارەكاندا، لەوانەش سەودا و مامەڵەی چەكەكانە كە پێشێلكاری یاسای نێودەوڵەتی نین".

پێشتریش سعودیە مۆشەكی بالیستی لە چین كڕیوون، بەڵام ڕیاز ڕاینەگەیاندووە كە نیازی فراوانكردنی ئەوپرۆگرامە موشەكییەی هەبێت.

سەرچاوە: خەلیج ئۆنلاین
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر