ئەمریكا لەبەر دوو هۆكار چەك بە وڵاتانی عەرەبی دەفرۆشێت

جیهان

12/06/2019‌ 764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پاتریك شاناهانی وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت رایگەیاند، وڵاتەكەی لەبەر دوو هۆكار چەك بە دەوڵەتە عەرەبییەكان دەفرۆشێت: یەكەم ، بۆ ئەوە بتوانن بەرچەرچی ئەو هەڕەشە مەترسیدارانە بدەنەوە، كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دووەم ، بۆئەوەی ئەو دەوڵەتانە كەرەستەی سەربازی لە ڕوسیا و چین نەكڕن.
 
شاناهان بۆ رۆژنامەنووسان راشیگەیاند، پرسی فرۆشتنی چەك بە شانشینی عەرەبی سعودییە و ئیمارات، لە بنەچەدا بۆ ئەوەیە ئەو دوو ووڵاتە بتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن و خۆیان بپارێزن، ئامانجیشمان ئەوەیە ئەو دەوڵەتانە ووڵامی هەر هەڕەشەیەكی مەترسیدار بدەنەوە كە دەكرێتە سەریان، شاناهان وتیشی ئەگەر ئەوان چەك لە ئێمەی هاوپەیمانی متمانەپێكراوی خۆیان نەكڕن، هەر هیچ نەبێت لەبەر هۆكاری ئەمنی ، ناچارن بچن لە ڕوسیا و چینی بكڕن.
 
ئەو لێدوانانە لە دوای ئەوەوە هاتن كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە 25 ی مایۆی ڕابردوو وتی: پڕۆسەی فرۆشتنی 22 مامەڵەی چەك لە دۆخی چاوەڕوانیدان ، كەوا بڕیارە بە ئوردون و شانشینی سعودیە وئیماڕاتی بفرۆشن، كۆی بەهای ئەو مامەڵانەش8.1 ملیار دۆلارە.

پۆمپیۆ ئەوەشی وت: بە گوێرەی بەندی 36 لە یاسای چاودێرێریكردنی هەناردەكردنی چەك ئەو بڕیارەم دەركردووە، داواشم كردووە یەكسەر هەنگاوە فەرمییەكانی 22 مامەڵەكەی هەناردەكردنی چەك بۆ ئورددون و ئیماڕات و سعودیە تەواو بكرێن كە بەهاكەیان 8.1 ملیار دۆلارە" ئەمەش لە پێناو جڵەوگیركردنی دوژمنكارییەكانی ئێران و بونیادنانی توانستی بەرگری هاوبەشەكانمان لە ناوچەكە".

سەرچاوە: SPUTNIK 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە