چەندین ئاڵنگارییان لەپێشە
هەرێمی كوردستان لەژێر دەستی ئامۆزا بارزانییەكان

کوردستان

16/06/2019‌ 2034 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەفتەی رابردوو سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانێكی تازە لە كوردستانی عێراقدا دیاری كران و بنەماڵەی بارزانییەكانیش بەردەوامن لەهێشتەنەوەی ئەو دوو پۆستە باڵایە لە دەستی خۆیاندا.

پاش خزمەتكردنی وەك سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی لە ٦ـی حوزەیراندا وەك دووەم سەرۆكی هەرێمی نیمچە سەربەخۆی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد. 

نێچیرڤان پاش مامی مەسعود بارزانی ئەو پۆستەی وەرگرت، كە ئەمەی دواتر بۆ ماوەی دوازدە ساڵ لەو پۆستەدا بوو، لە تشرینی دووهەمی ٢٠١٧، پاش شكستهێنانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، دەستی لەكار كێشایەوە.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرزترین دەسەڵاتی هەرێمەكەیە و لەدوای دەست لەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانییەوە، كە هێشتا سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، بە بەتاڵی مابووەوە.

كوڕەكەی مەسعود بارزانی، مەسرور، كە هاوكات ئامۆزای نێچیرڤانە، لە ١١ـی حوزەیراندا وەك سەرۆكی حكومەت هەڵبژێردرا، پاش ئەوەی دەنگی ٨٧ ئەندام پەرلەمانتاری لە كۆی ٩٧ ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنەكە بەدەست هێنا.

نێچیرڤان بارزانی، لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات بووە، چاوەڕێ دەكرێ لەماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتەكەیدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری ببێتەوە، لەناویاندا ناكۆكی ناوخۆیی كورد سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ناوەند و هەرێم و ئەو گرژیە زۆرەی لە ناوچەكەدا بەهۆی ناكۆكییەكانی ئەمریكا و ئێرانەوە درووست بووە.

لەو بارەوە مەسعود عەبدولخالق، بەرپرسی میدیای كورد ستاندارد، بەڕۆژنامەی ئەلمۆنیتەری وت: ئەو كێشانەی نێچیرڤان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە دەرئەنجامی باڵادەستی پارتی دیموكراتی كوردستانە بەسەر سیاسەتی هەرێمەوە لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا. 

ئەو وتی: لە ناو ئەو كێشانەدا كەمی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، گرژی ئیداری نێوان هەولێر و سلێمانی، كێشەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و نەبوونی حوكمی یاسا لە گرنگترین كێشەكانن.

هەروەها وتی: گرنگترین ئاڵەنگاری بۆ بارزانی، كە زۆر مەترسیدارە، دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانە. گەر ئەم دۆسیەیە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بمێنێتەوە، عێراق ڕازی نابێت. ئەگەر هەرێم نەوتەكەی ڕادەستی عێراقیش بكات، توركیا و كۆمەڵێ كۆمپانیای نێودەوڵەتی تر ڕازی نابن. هەرێمی كوردستان لەژێر قەرزی كۆمپانیا بیانیەكاندایە. پێم وایە گەر هەموو حیزبەكانی تریش یارمەتی بدەن، بارزانی ناتوانێت سەركەوتوانە ماماڵە لەگەڵ ئەو كێشانەدا بكات.

دوو حیزبە سەرەكییەكەی هەرێم، پارتی دیموكرات و ڕكابەرەكەی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە ماوەی نێوان ١٩٩٤-١٩٩٨ شەڕی ناوخۆییان كرد، ئەمەش بووە هۆی دابەش بوونی حكومەتی هەرێم بۆ دوو ئیدارەی جیاواز. 

پارتی دیموكرات لە هەولێری پایتەختی هەرێمەوە حوكم دەكات و یەكێتیش دەسەڵاتی بەسەر سلێمانیدا هەیە. هەردوو حیزبەكە هێزی پێشمەرگە و هێزی ئاسایشی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەمەش مەترسی دورست بوونی شەڕێكی تری ناوخۆیی زیاد كردووە لە ئەگەری هەبوونی ناكۆكی گەورەدا.

سەرۆكی هەرێمی تازەش ئەركی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لەشێوەی هێزێكی سەربازی ڕێكخراودا لە ئەستۆیە.

لە ئێستادا هەرێمی كوردستان دەستورێكی كارای نییە، كە پارتی دیموكرات بەنیازە ڕەشنووسێكی دەستووری دەر بكات كە تەنانەت هێزی زیاتریش بدات بە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی و دیموكراسییەت و ئازادییە بنەڕەتییەكانیش بەرتەسك بكاتەوە.

عەبدولخالق ئاماژەی بەوەدا، كە كۆمەڵێك چاكسازی گەورە پێوستن بۆ ئەوەی دیموكراسییەت و ئازادییە بنچینەییەكان لە چوارچێوەی دەستورێكی تازەدا جێیان بكرێتەوە، بەڵام بەگومان بوو لەوەی كە سەرۆكی هەرێم و هێزە فەرمانڕەواكان گۆڕانكاری لەو شێوەیە بكەن و ڕای گەیاند كە حیزبەكان پەرلەمانیان بێدەنگ كردووە و حكومەتی هەرێمیشی بە گەندەڵ ناو برد.

لەئاهەنگی سوێندخواردنی سەرۆكایەتی ڕۆژی دوو شەممەدا كۆمەڵی بەرپرسی باڵای عێراقی، ژمارەیەكی زۆر لە دیپلۆماتكارانی بیانی و میوانێكی زۆر ئامادە بوون. بەڵام كۆمەڵی كەسایەتی سەربەخۆ و حیزبی ئۆپۆزسیۆنی وەك نەوەی نوێ ڕەتیان كردەوە ئامادە بن.

پەرلەمەنتاری نەوەی نوێ، دیاری ئەنوەر، بەمۆنیتەری وت: كێشەی ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتی باڵای هەرێمە، هەروەها وتیشی: حیزبە باڵادەستەكان یاساشكێنییان كردووە كاتێك كۆبوونەوەكەیان بۆ ڕۆژی ئایندە درێژ كردووەتەوە بۆ ئەوەی، كە بەربژێری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی، وەك سەرۆكی حكومەت دیاری بكرێت.

فەرمان حەسەن، ڕۆژنامەنووس و پارێزەر، بە ئەلمۆنیتەری وت: پەرلەمانتاران هیچ دەرفەتێكیان نەبوو لە كۆبوونەوەكەدا قسە بكەن. 

هەروەها وتیشی: بۆیە كۆبوونەوەكە وا گەورە بووە، چونكە ''سەرۆك دەیەوێت سەرەتایەكی بەهێزی هەبێت، هێزی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی نیشان بدات و هەر لەسەرتای دەسەڵاتەكەشییەوە لایەنە ناكۆكەكان بەیەكەوە كۆ بكاتەوە.''

سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتێكی فراوانی هەیە وەك فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان و گەورەترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن. هەر ئەویش ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەری دادەنێت.

حەسەن وتیشی: بارزانی ڕووبەڕووی كێشەی گرێبەستییە نەوتییەكانی لەگەڵ توركیا دەبێتەوە، بە تایبەت ڕێكەوتنی نەوتی ٥٠ ساڵە كە بەقووڵی پەیوەندی بە بەغداوە هەیە. هەروەها وتی كە بارزانی دەیەوێت ئاشتی هەورامی وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان بهێڵێتەوە بۆ ڕازیكردنی توركیا و مانەوەی دۆسیەی نەوت لە دەستی ئەودا.

هەرێمی كوردستان لە ٢٠١٤ـوە لە قەیرانی دارایی دایە بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و جەنگی چوار ساڵە لەگەڵ داعشدا. بەپێی كۆمەڵی خەمڵاندن، تا ساڵی ٢٠١٨، قەرزەكانی سەر هەرێم ٢٠ ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە.

حكومەتی هەرێم هێشتا موچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی نەداوە. ناوچەكە بەگشتی بەدەست بەرزی ڕێژەی بێكارییەوە دەناڵێنێت.

لەو كێشانەی تر، كە ماوەی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەختتر دەكەن كێشە درێژخایەنەكانی نیوان هەولێر و بەغدایە لەسەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و ڕاگرتنی پەیوەندییەكی هاوسەنگە لەگەڵ هەریەك لە ئەمریكا و ئێراندا.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز