وردەكاری بڕیاری ترامپ بۆ هێرشی سەر ئێران‌و پاشگەزبوونەوەی

جیهان

21/06/2019‌ 2162 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكەی ئەمریكا لە لایەن ئێرانەوە، دۆناڵد ترامپ ڕەزامەندی لەسەر هێرشی سەربازی داوە بۆسەر ئێران، بەڵام شەوی پێنجشەممە لەو بڕیارە پەشیمان دەبێتەوە.

بەگوێرەی وتەی كۆمەڵێك بەرپسی ئیداری باڵا، پاش گفتوگۆ و مشتومڕێكی گەرم لەكۆشكی سپیدا لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی‌و كۆمەڵێك سەركردەی باڵای كۆنگرێس لەسەر پرسی لێدانی ئێران، لە دەوروبەری سەعات حەوتی ئێوارە بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماسی چاوەڕێی هێرشكردن بوون بۆسەر ئێران.

سەرچاوەكان دەڵێن، سەرەتا ترامپ ڕەزامەندی داوە لەسەر هێرشكردنە سەر كۆمەڵێك ئامانجی دیاریكراوی وەك ڕادار و پاتری موشەكەكانی ئێران، بەڵام دواتر پاشگەزبووەتەوە.

لەو یەكێك لە بەرپرسە باڵاكان ڕایگەیاندووە، هێرشەكە لە ئامادەكاری دابووە، بەڵام دواتر هەڵوەشێندراوەتەوە، كە فڕۆكەكان لە ئاسماندا بوون و كەشتییەكانیش لە شوێنی دیاریكراودا ئامادە بوون، بەڵام هیچ موشەكێك نەهاویشتراوە دوای ئەوەی فەرمان بە وەستانی هێرشەكە كراوە.
 
ئەو فەرمانە ڕێگری كرد لە سێیەەم كردەی سەربازی ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە پیشتر بە بڕیاری ئەو دوو هێرشی سەربازی كرابوونە سەر كۆمەڵێك ئامانج لە سوریا لە ساڵەكانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨.

ڕوون نییە، كە ئایا ئەم بڕیاری ڕاگرتنی هێرشە بەهۆی ئەوەوە بووە ، كە ترامپ بڕیاری خۆی گۆڕیوە، یان بەرپرسانی ئیداری بەهۆی هۆكاری لۆجستی و ستراتیجی بڕیارەكەیان گۆڕیوە. ڕوونیش نییە ئایا هێرشەكان لە داهاتوودا دەكرێن یا نا.

بەرپرسانی كۆشكی سپی و پنتاگۆن ڕەتیانكردەوە، كە لێدوان لەو بارەیەوە بدەن و هیچ بەرپرسێكی حكومەتیش داوای لە نیویۆرك تایمز نەكرد، كە هەواڵەكە بڵاونەكاتەوە.

هەروەها بە وتەی بەرپرسێكی باڵا، ئەمە بڕیاری ئەم هێرشە بۆ وەڵامدانەوەی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ١٣٠ ملیۆن دۆلارییەكەی ئەمریكا بوو، كە ڕۆژی پێنجشەممە لە لایەن موشەكەكانی ئێرانەوە خرایە خوارەوە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز