شارپرێس:
رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا'ی هیندی باسی لەوە كردووە، كە شاندێكی هیندی بەمەبەستی پشكنینی تاتە بەردێكی دیواریی، كە مێژووەكەی بۆ دوو هەزار ساڵ پیش زاین دەگەڕێتەوە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە ، كە گومان دەكرێت تاتە بەردەكە وێنەی یەكێك لە خواكانی هیندی كۆن بێت بەناوی رام ئاو (راما).
رۆژنامەكە لە راپۆرتیكیدا بڵاویكردەوە، كە تاتە بەردە هەڵكۆڵراوەكە دەكەوێتە ناوچەی دەربەندی بێلوولە لەسلێمانی، كە بریتییە لەشاژنێكی سنگ رووت و كەوانێك و كۆمەڵێك تیری بەدەستەوە ، بەلاتەنیشتیشییەوە شمشێر و خەنجەرێكی كورتی لە كەمەری بەستووە لەگەڵ بوونی ژمارەیەك دار خورما.
راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات شاندە هیندییەكە بەسەرۆكایەتی باڵیۆزی هیندستان لە عێراق لەسەر داوای دەستەی توێژینەوەكانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری هیندستان لەگەڵ دیپلۆماتكارێكی هیندی لە قونسوڵخانەی هیندستان لە هەولێر لەگەڵ چەند میژوونووسێكی زانكۆی سلێمانی سەردانی ناوچەكەیان كردووە.
لای خۆیەوە یوجندرا براتاب سینگ سەرۆكی دەستەی لێكۆڵینەوەكانی هیندستان دەڵێت: ئەو شاندە بەڵگەی زانیاریی كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی تێروتەسەل لەسەر بوونی پەیوەندی لەنێوان كولتووری هیندی و ولاتی نێوان دوورووبار بدۆزنەوە.
براتاب سینگ دەشڵێت: بوونی ئەو تاتە بەردینە وەبیرهێنانەوەیەكی بێمەبەستانەی خواوەند رام و هانومانە بۆ گەلێكمان ، بەڵام گیرانەوەی مێژوونووسە عیراقییەكان هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئەو تاتە و خواوەند رامدا نابینن " ، دەشڵێت تەنیا بەوەرگرتنی رەزامەندی حكوومەتی عێراق رەنگە بتوانرێت ئەو ئەڵقە ونبووەی ئەو پەیوەندییە بدۆزرێتەوە.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا سینگ دەڵێت: ئەوە یەكەم هەوڵی فەرمییە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی لەنێوان هەردوو شارستانییەتی دۆڵی سند و شارستانییەتی وڵاتی نێوان دوو ڕووبار " ، دەشڵێت " سۆمەرییەكان لەنێوان ساڵەكانی ٤٥٠٠ بۆ ١٩٠٠ پێش زاین حوكمڕانی ولاتی نێوان دوو ڕووباریان كردووە ، چەند بەڵگەیەكیش هەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان لە هیندستانەوە هاتوون و لەڕووی بۆماوەییەوە بە شارستانییەتی دۆڵی سند بەستراونەتەوە".
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
