ئیسرائیل وردەكاری پرۆسەیەی دەسكەوتنی ئەرشیفی نهێنی ئەتۆمی ئێران ئاشكرادەكات

جیهان

04/07/2019‌ 2723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ باسی ئەوە دەكات خودی خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی لە دەست دەرهێنانی  ئەرشیفی ئەتۆمی نهێنی ئێرانی كردووە.

لە میانی وتاریكیدا لەچوارچێوەی مەراسمی پێدانی خەڵاتی ئەمنی ئیسرائیل بۆ زنجیرەیەك لە پرۆژەی ئەمنی هاوكار لە بەهێز كردنی سەقامیگیری ئاسایشی، وردەكاری نوێی ئاشكراكرد، ئەوەش دەربارەی پرۆسەیەكی مۆسادی ئیسرائیل لە كۆتایی كانونی دووەمی 2018.

بە گوێرەی ماڵپەری "عكا" بۆ كاروباری ئیسرائیلی، ناتانیاهۆ رایگەیاندووە، مۆساد سەركەوتوو بوو لەجێبەجێكردنی پرۆسەیەك لە بەدەستهێنانی ئەرشیفی نهێنی لە نێو دڵی ئێراندا، ئەوەشی ئاشكرا كرد خودی خۆی سەرپەرشتی پرۆسەكەی كردووە، بەوەی پڕ بووە لە مەترسی گەورە و لێكەوتەی زۆر كارەسات باری دروست دەكرد لە حاڵەتی ئاشكرا بونیدا.

بۆیەكەمجاریش ناتانیاهۆ ئەوەی ئاشكرا كرد، رەزامەندی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپی وەرگرتووە بۆ جێبەجیكردنی پرۆسەكە، ئەوەشی روون كردەوە، پێشنیاری جێبەجێكردنی پرۆسەكەی لە میانی دیدارێكدا خستووەتە بەردەست ترامپ لە كۆنگرەی داڤۆسدا. 

لەو بارەیەوە باسی ئەوەشی كردووە، بە ترامپم راگەیاند دەمەوێ هێزەكانمان بنێرم بۆ نێو دڵی تاران بۆ راكێشان و هاوردنی ئەرشیفی ئەتۆمی ئێران.. ئەویش پرسیاری لێكردم دەربارەی مەترسییەكەی .. وەڵامی من ئەوە بوو ئەنجام پاساو بۆ سەركێی دەهێنێتەوە.

ناتانیاهۆ ئەوەشی وت، پاش ئەوەی هاتم بۆ ژورەكەی لە كۆشكی سپی و وردەكاری پرۆسەكەم پێ راگەیاند دەربارەی ئەرشیفەكە، گوزارشتی لەپێزانینی خۆی كرد بۆ ئەو ئازایەتی و دەسكەوتە گەورەیە.

هەر لەم بارەیەوە ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، زۆر مكوڕ بووم لەسەر جێبەجێكردنی پرۆسەكە بەوەی كاریگەری زۆری لەسەر ترامپ دەبێت بۆ كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی مەترسیدار لەگەڵ ئێران.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند، لە نیسانی 2018، تەل ئەبیب 55 هەزار بەڵگەنامەی  بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی دەسكەوتووە و دەیسەلمێنێ تاران بەرنامەی نهێنی هەیە و دووپاتیدەكاتەوە ئێران درۆ دەكات كاتێ دەڵێ چالاكییە ئەتۆمییەكانی راگرتووە.

هاوكات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەونیدا ناتانیاهۆ وتی : 55 هەزار بەلگەنامەی  نهێنیمان دەسكەوتووە لە رێگەی كارێكی هەواڵگرییەوە دەربارەی چالاكی نهێنی ئەتۆمی ئێران، بەلگەنامەكان دەیسەلمێنن ئێران راستگۆ نیە لەوەی دەڵێت چالاكیە ئەتۆمیەكانی راگرتوەو دەیەوێ چەكی ئەتۆمی دروست بكات. تاران دەیەوێ پەرە بە كلاوەی ئەتۆمی رۆكێتەكانی بدات و تا ئێستا خاوەنی بەرنامەی نهێنی ئەتۆمیە. سەرجەم بەڵگەنامە‌ تایبەتەكانی ئەرشیفی ئێرانیش رەوانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و وڵاتە رۆژئاواییەكان دەكەین.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا