زانیاری ئاشكرانەكراو
هەوڵگری پاكستان زانیاری بەئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا بۆ دۆزینەوەی‌و كوشتنی بن لادن داوە

جیهان

24/07/2019‌ 1196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس
سەرۆك وەزیرانی پاكستان عیمران خان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "فۆكس نیوز"، باسی لەوە كردووە هەوڵگری پاكستان زانیاری بە ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) داوە بۆ دۆزینەوەی دامەزرێنەری رێكخرای قاعیدە ئوسامە بن لادن و كوشتنی.

عیمران خان، كە ئێستا بەسەردانێك لە ئەمریكایە لەو چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییە رایگەیاند، ئیدارەی هەواڵگری پاكستان زانیاری بەئەمریكا داوە بۆ دیاریكردنی شوێنی ئوسامە بن لادن.

پێش ئەوە پاكستان رەتیكردبووەوە هیچ زانیاریەك لەبارەی بن لادنەوە بدات، كە چەندین ساڵ هێزەكانی ئەمریكا لە هوڵی دەستگیركردنیدا بوون پاشان‌ لە 2ی ئایاری 2011 لەماڵێكی پەرژینكراودا لە ئەبوت ئاباد لەلایەن هێزێكی تایبەتی ئەمریكاوە كوژرا.

رووگیربوونی حكومەتی پاكستان
هەرچی جەنراڵی خانەنشینی پاكستان (ئەسەد درانی)یە، كە سەرۆكی هەواڵگری ئەو وڵاتە بووە لە نێوان ساڵانی 1990 و 1992، لە كتێبێكی چاپكراوی ساڵی 2018 دا باسی لەوە كردووە پاكستان شوێنی خۆحەشاردانی بن لادنی بۆ واشنتۆن ئاشكرا كردووە و بانگەشەی ئەوەشی دەكرد، كە هیچ شتێك نازانێت، چونكە هاوكاری كردن لەگەڵ ئەمریكا سەبارەت بە كەسایەتیەكی وەك بن لادن دەكرا حكومەتی پاكستان رووگیر بكات.

سەرچاوە: العربیە. نت
وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا