جوڵەی كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لەعێراق

عیراق

30/07/2019‌ 1401 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەی دوو هەفتەیە ئەمریكا بەردەوامە لە دەركردنی هەندێك بڕیار و یاسا بەمەبەستی گەمارۆخستنە سەر هەژموونی ئێران لە عێراقدا.

پێش چەند رۆژێك، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڕیایدا سزا بسەپێنێ بەسەر چوار كەسایەتی عێراقیدا، لە نێویاندا دوو سەركردەی حەشدی شەعبی تێدایە (ریان كلدی و وعد قدو)، دوانەكەی تریش پارێزگای پێشووی نەینەوا (نەوفل عاكوب) و پارێزگای سەڵاحەدین (ئەحمەد جبوری)، دوو رۆژ پێش ئیستاش كۆنگرێسی ئەمریكا بە زۆرینەی دەنگ رازی بوو لەسەر نوێكردنەوەی یاسای (رێگرتن لە تێكدانی سەقامگیری لە عێراق).

لەكاتێكدا بەغدا لیژنەی تایبەتی پێك هێناوە و ئاشكرای نەكردوە بۆ چاوخشانەوە بە بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكادا، بەتایبەتی كە دەیان كەس بونیان هەیە و بڕوا وایە رێكارەكانی وەزارەتی گەنجینە دەیانگرێتەوە، بۆیە بانكی ناوەندی عێراق و بە ئاماژەی نادیاری حكومەت رەزامەند بوە لەسەر ئەو سزایانە، بۆیە بەخێرایی هەستاوە بە سڕكردنی دارایی ئەو چوار كەسایەتیەی لەسەرەوە باسكران.

دەربارەی رەزامەندی كۆنگرێس لەسەر نوێكردنەوەی یاسای رێگرتن لە تێكدانی سەقامگیری عێراق، وەزیری پێشووی كارو كاروباری كۆمەلایەتی محمد شیاع سودانی لە تویتەردا دەپرسێ ئەم بڕیارە سەرپەرشتیكردن (وصایە) ی نوێیە یان پەسەند كردنی ئەوەیە عێراق ببێتە گۆرەپانی پێكدادان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

دەقی یاساكە بریتییە لەوەی سەرۆكی ئەمریكا مافی ئەوەی هەیە سزا بەسەر هەر بیانیەكدا بسەپێنێ، كە بە مەبەست بیەوێ كاری توندو تیژی بكات، نیازی هەبێت یان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری نێو عێراق یان حكومەت و دروست كردنی بەربەست لەبەردەم پرۆسەی دیموكراتیدا هەبێت، یان رێگر بێت لەبەردەم بەهێزكردنەوەی ژێر خانی ئابوری و چاكسازی سیاسی یان گرفت دروست كردن لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ گەلی عێراق.

یاساكە ئەرك دەخاتە سەر ئەستۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا (بەرپرسیارێتی ژماردن و نوێكردنەوە، دروست كردن و پاراستن و بڵاوكردنەوەی لیستی گروپە چەكدارەكان و میلشیاكان یاخود ئەوانەی بەوەكالەت دەجەنگن لە عێراق؛ ئەوانەی هاوكاری لۆجستی یان سەربازی یان دارایی لە سوپای پاسداران وەردەگرن و تیرۆر لەناو عێراقدا بڵاو دەكەنەوە، پاشان دیاركردنی ئەوەی كە پێویستە سزای كەسایەتیەكانی پۆلین كراو لە لیستەكەدا بدرێت، یاخود دیاریكردنی ئەوانەی پەیوەندییان لەگەل رێكخراوی دیاریكراوی تیرۆریستیدا هەیەو پاشان سزادانیان.

لەم چوارچێوەیەدا، دكتۆر حسین عەلاوی لە كۆلیجی نەهرەین لەم بارەیەوە دەڵێ: یاساكە وەك پایەندبونێك دێت لەلایەن ئەمریكاوە بەسەرۆكایەتی كۆنگرێس و حیزبە سەرەكیەكان و جێگری سەرۆكی ئەمریكا  بە پاڵپشتی كردنی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریەكەی، وەك بەرپرسیاریەتێكی ئەخلاقی و هاوپەیمێانێتی سیاسی لە گەڵ عێراقدا، و پابەندبوونی سیاسی بە پاراستنی ئەمن و سەقامگیری دوای شكستهێنانی رێكخراوی داعش.

عەلاوی ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، ئەمریكا دەیەوێا عێراق دوور بێت لە ململانێی نێوان واشنتۆن و ئێران و پرۆسە هەلكشانەكانی ئێستا، بۆیە لەگەڵ حكومەتی عێراق و گەلی عێراقدا دەوەستێت، ئەوەشی روون كردۆتەوە ستراتیجیەتی نوێی ئەمریكا لەسەردەمی ترامپدا لەسەر فەلسەفی پەیوەندی رەق و توندوتۆڵە، و هاوشێوەی ستراتیجیەتی جۆرج بۆشی كوڕەو پێچەوانەی سیاسەتی نەرمی باراك ئۆبامایە كە كاریگەریەكی وۆری لەسەر پێگەی عێراق دانا لە بریاری ئەمریكادا، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لە عێراق زۆرن، بەشێكی زۆریشی بریتیە لە پایەند بوونی ئەمریكا لە سەقامگیری عێراقەوە لە رووی سیاسی و ئەمنی و كۆمەلایەتیەوە.

لای خۆیەوە شارەزای بواری ئەمنی سعید جەیاشی وای دەبینێ یاساكە عێراق دەگەڕێنێتەوە ژێر كاریگەری راستەوخۆی ئەمریكا لە پەیكەری رژێمی سیاسیدا لەگەڵ هەبونی توانای لێپرسینەوە بە شێوەیەكی روون. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەگەر خولی پەسەند كردنی یاساكە لە ئەنجومەنی پیران و كۆشكی سپی تەواو بكرێت بە تەواوی دەكەوینە ژێر دۆخێكی تازەوە، و لە میانی قۆناغەكانی جێبەجێكردنیدا مەترسیەكەی زۆر زیاترە لە رزگاركردنی عێراق كە لەلایەن كۆنگیرسەوە دەرچوو لە ساڵی 1998.

جەیاشی روونی كردەوە پێدەچێ ئەم یاساو دەسەلاتانەی توانایەكی زۆری هەبێت لەلادانی ئەو كەسانەی ئەمریكا بیەوێ دووریان بخاتەوە، یاخود سڕكردنی كۆمپانیاكان و ژمارەكانیان و دەستبەسەراگرتنی پارەكانیان، لەگەڵ وەستاندنی بەردەوامی ئەوانەی بە مەترسییان دەزانێ بۆ سەر سەقامگیری عێراق بەگوێرەی ئەم یاسایەی پێودانگەكانی روون نییە. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد گرنگە حكومەت و كەناڵەكانی دەوڵەت پێداچونەوە بۆ هۆكارەكانی جۆڵاندنی ئەم یاسایە بكەن لەم كاتەدا لەگەڵ ئەوەی دوو ساڵ تێپەڕیوە بەسەر دەركرنیدا. پێدەچێ پەیوەندیەكی روونی هەبێت لەگەڵ ئالۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و پەیوەندی بە عێراقەوە، ئایندەش بە گوێرەی ئەم یاسایە ئەوە دەردەخات هەڵكشانی جۆراوجۆر لە ئاراستەو بوارەكاندا روو بدات.

بەلام سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی د.ئیحسان شەمەری لای خۆیەوە وای دەبینێ، ئەم یاسایە و دوای دەنگپێدانی لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە لە پاش پەسەند كردنی لەلایەن كۆنگرێسەوە، دەرگا لە بەردەم سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ دەكاتەوە رێكاری تۆڵەو سزای زیاتر بەرانبەر ئێران جێبەجێبكات، هەروەها ئەم یاسایە تەنها سنور بۆ حكومەتی ئێستای عێراق دیاری ناكات بەڵكو سنور بۆ هێزە سیاسیەكانیش دادەنێت بەتایبەتیش بۆ گروپە چەكدارەكان و شێوەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی ئێران. 

ناوبراو ئەوەشی خستۆتە روو یاساكە رێگە بە سەرۆكی ئەمریكا دەدات دەستێوەردانی سەربازی لە عێراق بكات بۆ پاراستنی بەغدا لە هەر كاریگەریەك كە پرۆسەی دیموكراسی پەك بخات و لە هەمان كاتدا یەك ئاراستەن لەگەڵ رێككەوتنی ستراتیجی كە یەكێك لە بەندەكانی رێگە دەدات ئەمریكا بە سەرباز دەستێوەردان بكات لە بەرانبەر هەموو ئەوانەی نائارامی بۆ دەسەلاتی دیموكراتی عێراق دروست دەكەن .

شەمەری ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، یاساكە بە قۆناغی دورودرێژدا رۆیشتوە، پێدەچێت ئەمریكا نیگەران بێت لە هەمبەر ئەو لایەنانەی چەكیان بەدەستەوەیە لە عێراق و لەلایەكی ترەوە كاری زۆر قورس دەخاتە ئەستۆی واشنتۆن بە پۆلین كردن و خستنە لیستی تیرۆری ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن، بە دوریشی نازانێ دەستێوەردانی سەربازی بكات ئەگەر بێت و هەست بەوە بكات دیموكراتی لە عێراق كەتۆتە بەر هەڕەشە، لەلایەكی تریشەوە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی ئەمریكا زیاتر دەكات لە دۆخێكدا ئەگەر عێراق لەلایەن هەندێ گروپەوە بكرێتە گۆڕەپانی پێكدادان یان هەرەشە لە پرۆسەی سیاسی بكرێت یاخود هەوڵی پێشیلكردنی سەروەری عێراق و رژێمە دیموكراتیەكەی بدرێت.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا