وردەكاری هەوڵەكانی هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان

عیراق

01/08/2019‌ 1114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ، باس لە وردەكاری دانوستانەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق دەكات‌و دەڵێت: گفتوگۆكان دوو جۆرن، دانوستانێك بۆ چارەسەركردنی كێشە دوور مەوداكان و ئەوی تریش بۆ چارەسەركردنی كێشە كورتمەوداكان .

مەسعوودی لەلێدوانێكیدا دەشڵێت: دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی سەرجەم دۆسییەكان ، بۆ ئەوەش لیژنەیەكی حكومی درووستكراوە تا چاو بە جێبەجێكردنی بەندەكانی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا بخشێنێتەوە ، كە ئەوە لەچوارچێوەی دانوستانە كورتمەوداكاندایە.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە لیژنەیەكی تر لەلایەن حكوومەتی هەرێم و عێراق درووستكراوە بۆ چارەسەركردنی هەموو دۆسییە هەڵواسراوەكان لەناویاندا كێشەی ماددەی ١٤٠ و ناوچەكێشەلەسەرەكان ، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ، پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بێ رەزامەندی بەغدا.

مەسعوودی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە حكومەتی ناوەندی دەیەوێت بێگرژكردنی رەوشەكە وەك ساڵانی رابردوو ، كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات و رێكەوتنی كۆتایی لەگەڵ واژووبكات، كە ببێتە نەخشەرێگای كاكردنی هەردوولا .

ماوەی چەند ساڵێكە كێشەو ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە، كە ئەو كێشانە چەندین جار گرژی‌و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا دروست كردووەو ماوەیەكیشە هەوڵەكان چڕكراوەتەوە بۆ چارەسەری ئەو كێشانە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی