چەند وەزیرو پەرلەمانتارێكی عێراقی تۆمەتبارن بەگەندەڵی

عیراق

02/08/2019‌ 792 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

پێگەی مەداپرێس بڵاویكردەوە
ئەنجوومەنی دادوەری پەرلەمانی عێراقی تووشی ڕوگیری كرد، كاتێك هەندێك لە پەرلەمانتارەكانی وتبوویان سیستەمی دادوەری متمانەداری نەماوە لەوەی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵگرن. بۆیە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوایەكی ڕەوانەی پەرلەمان كرد بە مەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر 21 پەرلەمانتار بەوەی تۆمەتبارن بەپرسەكانی گەندەڵی.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، كە ئەوان لە ڕێگەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتییەوە داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر 21 پەرلەمان كردووە بەوەی 10 ئەندامیان تۆمەتبارن بە پرسی گەندەڵی و 11 ئەندامەكەی دیكەش بە تۆمەتی دیكە، كە پەیوەست نین بە گەندەڵییەوە.

بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی دادوەری وەڵامێك بوو بۆ بەهار مەحمودی پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی، كە داوای لە دەستەی  سەرۆكایەتی پەرلەمان كردبوو دڵنیابێتەوە لەو ڕێوشوێنانەی  گیراونەبەر بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران.

هاوكات زەیتون دلێمی پەرلەمانتاریش وتی: هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەو پەرلەمانتارانە پیێویستی بەدەنگدانی پەرلەمانی هەیە، ئەمەش‌ بە پێچەوانەی وەزیرەكان، كە پارێزبەندییان نییە و ڕاستەوخۆ دەستگیر دەكرێن و دەدرێنە دادگا. 

پیشتریش عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوە كردبوو، كە 11 وەزیر و كەسانی بە پلەی وەزیر، بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، 4117 دۆسیەش ماون یەكلایی بكرێنەوە و بڕیاریان بۆ دەربچێت. 

هەروەها رایگەیاندبوو، كە ئێستا 30 پەرلەمانتاریش هەن، كە پێشتر پۆستی جێبەجێكارییان هەبووە و تۆمەتی گەندەڵیان لەسەرەو دەبێت پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت.

  لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش لەو بارەوە رایگەیاندووە، هێشتا دۆسییەی هەڵگرتنی پاریزبەندییەكە لە بن دەستی پەرلەمانی عێراق دایە و چاوەڕێ دەكەن پەرلەمان ڕێوشوێنی یاسایی خۆی لەو بارەوە بگرێتەبەر.

رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویكردەوە
فەرماندەی كەشتییە تیژڕەوەكانی (فیرقاتە) بەر‌یتانیا، كە بۆ پاراستنی ئەو كەشتییانەی ئاڵای بەریتانیایان بەرزكردووەتەوە و بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن لەئاوەكانی ناوچەكەیە، ئەوەی ئاشكراكرد، هێزەكانیان و هێزەكانی ئێران هۆشدارییان داوەتە یەكتر .

كینگی فەرماندە بۆ وێستگەی "بی بی سی" رایگەیاندووە، كە ئێران دەیەوێت كاردانەوە و ورەبەرزی هێزی دەریایی بەریتانیا تاقیبكاتەوەو جەختیكردووەتەوە، ئێمە بەشێوەیەكی شەرعی لێرەین و ئەوانیش بەلەمی تیژڕەوومان بۆ ڕەوانە دەكەن تاكو تاقیمان بكەنەوە و بزانن هۆشدارییەكانمان دەگەنە كوێ.

بەریتانیا كردەی ئاڵوگۆڕكردنی كەشتییە دەستبەسەرداگیراوەكەی لەگەڵ كەشتییەكەی ئێرانییە دەستبەسەرداگیراوەكە ڕەتكردووەتەوە و پیشنیاری پێكهێنانی هێزێكی دەریایی ئەوروپشی كردووە بۆ پاراستنی ئەو كەشتییە بارهەڵگرانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.

كینگ ئاماژەی بەوەش كرد، كە جۆرە لێكتیگەشتنێكی بەسوود لە نێوان هەردوولادا لە ئارادایە، كە ڕێزگرتنە لە ڕێساكانی‌ كردەی كەشتیڕانی.

رۆژنامەی قودسی عەرەبی بڵاویكردەوە
نووسینگەی چاودێری ماڵ و موڵكە بیانییەكان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەسەر پیگەی ئەلەكترۆنی خۆی بڵایكردووەتەوە، كە ئەمریكا سزای بەسەر محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێراندا سەپاندووە.

بەپێی رۆژنامەكە، واشنتۆن گەرەكییەتی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی زەریفی سنوردار بكات‌و زەرفیش لەكاردانەوەدا وتی: بۆیە سزای بەسەردا سەپاوە، چونكە قسەكەری فەرمی ئێرانە لە هەموو جیهان و ئەوەشی وت: ئەو سزایانە هیچ كاریگەرییەكیان بەسەر خۆیی و خێزانەكەیەوە نابێت. 

هەروەها وتیشی: سوپاس بۆ ئەمریكا، كە ئەو بە هەڕەشە بۆسەر ئەجێنداكانی دەزانی لە جیهاندا.

هاوكات بەرپرسێكی ئەمریكیش رایگەیاندووە، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا دەرگای لەبەردەم گفتوگۆ ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئێران دانەخستووە، ئەمریكاش زەریفی بە بڕیارسازێكی گرنگی ئێران نازانێت.

پێگەی تەریق ئەلشەعب بڵاویكردەوە
حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبونی هەردوو وەزیری دارایی و نەوت (فوئاد حوسێن و سامر غەزبان) و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی هەردوو لیژنەی دارایی و نەوت و گازی پەرلەمانی كردووە، بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان و پابەندنەبوونی هەرێم بە بەندەكانی بودجەی گشتی فیدڕاڵی 2019 .

نووسینگەی ڕاگەیاندنی كەعبی لەو بارەوە رایگەیاندووە، فرۆشتنی نەوتی هەرێم و بەركەوتی هەرێم لە بودجەی گشتی پرسێكی تازە نییە و زۆر گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، ئێمەش وەك پەرلەمان وابەستەی دۆزینەوەی چارەسەرێكین بۆ ئەو پرسە و مكوڕیشین لە جێبەجێكردنی سەرجەم بەندەكانی دەستوری عێراقی، كە دەڵێت: سامانەكانی‌ نەوتی و هی دیكە موڵكی هەموو گەلی عێراقن و هیچ لایەن و كەسێك بۆی نییە بە تەنیا قۆرغیان بكات.

نووسینگەكە راشیگەیاند، كە میوانداری دوو وەزیرە پەیوەندیدارەكەمان كردووە و پرسیاریان لێ دەكەین و وەڵامی بەڵگەدار و بە ژمارەمان لێیان گەرەكە، كە یاسای بودجەی گشتی بە دەق تیایدا هاتووە، كە دەبێت هەموو كێشە داراییەكان لەچوارچێوەی یاسایی و یاساكاریدا چارەسەر بكرێن.

بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وەزارەتی داراییان پابەند كرد بە وابەستەبوون بە بەندی 10 ی یاسای بودجەی گشتی سەبارەت بە بەركەوتی هەرێمی كوردستان و ئەو پابەندیانەش، كە لێیەوە پەیدا دەبن و دەكەونە ئەستۆی هەرێمی كوردستان، هەژماركردنی ئەو زەرەرەش، كە بە عێراق گەیشتووە لە ئەنجامی پابەندنەبوونی هەرێم بە یاسای بودجەی گشتییەوە، بەردەوامی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە.

لیژنەی دارایی و نەوتیش ڕاسپێردران بە وەرگرتنەوەی وەڵامی فەرمی هەردوو وەزارەتی ناوبراو و دیوانی چاودێری دارایی، پێویستە ئەوانیش لەو بارەوە ڕاپۆرتێك پێشكەشی پەرلەمان بكەن و پەرلەمانیش بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات. داواشی لە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی كرد وردبینی لە هەموو ژمێرەكانی تایبەت بە فەرمانبەران و بابەتی دیكەی پەیوەست بە هەرێمی كوردستانەوە بكات.