دڵنیاییەك لەعادل عەبدولمەهدییەوە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم

عیراق

10/08/2019‌ 797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق لەسەر تۆمەتباركردنی بەوەی لەچاو پارێزگاكانی تری عێراق زیاتر گرنگی بەهەرێمی كوردساتن دەدات وەڵامی دایەوە و وتی: هەموو بڕگەكانی بودجە وەك خۆی جێبەجێدەكات .

سەرۆك وەزیری عێراق لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمەڵێك دەزگای راگەیاندن، سەرەڕای ئەوەی رەتیكردەوە لەچاو پارێزگاكانی تر زیاتر گرنگی بەهەرێمی كوردستان بدات و وتیشی: هەموو عێراقییەكان هەمان مافی یەكسانیان هەیە ، دەمانەوێت گەلی عێراق بەباشی بژین"، ئەو باسی لەوەش كرد، بەرگریكردن لەمافی گەلەكەمان بنەمای كاركردنی رابردوو و ئێستاشمانە.

لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا عەبدولمەهدی هەروەها وتی: سزادانی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت نابێت لەرێگای بڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە بێت‌و جەختیشیكردەوە ئەوان یاسای بودجە بەهەموو بڕگەكانییەوە جێبەجێدەكەن ، بەوەشەوە دەڵێت: ئەگەر هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەست نەكات ئەوە دەبێت بەقەد ئەو بڕە نەوتە لە پشكی هەرێم ببڕدرێت.

هەر سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم عەبدولمەهدی وتی: گرفتی هەناردەكردنی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دەبێت چارەسەر بكرێت ، یاسای بودجەش ئاماژەی بۆ حاڵەتێكی لەو جۆرە نەكردووە، بۆیە پێویستیان بە گفتوگۆ و تیگەیشتنە لەگەڵ هەرێم.

پێشتر پەرلەمانتار عالییە نوسەیف لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی دیجلە ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، كە لەناو یاسای بودجەی ئەمساڵ "ساختەكارییەكی ترسناك"، لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان كراوە، بەشێوەیەك لەناو بودجەدا "كارتێكی كارەساتبار" بۆ بودجە و لەبەرژەوەندی هەرێم زیادكراوە بێ ئەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش ئاگادار بن ، هەروەك جەختی كردبووەوە، زیاتر لە ٢٤ واژۆ لەناو پەرلەمانتاران كۆكراوەتەوە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەو ساختەكارییە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی