ناسا بە بەرزترین كوالێتی وێنەی هەسارەی موشتەری دەگرێت

جیهان

12/08/2019‌ 1354 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئاژانسی ناسای ئەمەریكی نوێترین وێنەی هەسارەی مووشتەری بڵاوكردەوە، كە لەرێگای تەلسكۆبی هابڵەوە بە بەرزترین كوالێتی گیراون .

بەگوێرەی گۆڤاری زانستی 'ساینس" هەسارەی مووشتەری، كە گەورەترین هەسارەی كۆمەڵەی خۆرە لە وێنەیەكی كوالێتی بەرزدا وەك تابلۆیەكی پڕ رەنگ دەردەكەوێت .

وێنەكە لە ٢٧ی حوزەیرانی ئەمساڵ وەك بەشێك لەبەرنامەی "میراتی بەرگەهەوای هەسارەكان" گیراوە و لەم هەفتەیەدا بڵاوكراوەتەوە .

وێنەكە لەرێگای كامێرای تەلسكۆبی "Wide Field 3" وە كاتێك گیراوە كە هەسارەی مووشتەری ٤٠٠ ملیۆن میل لە زەوییەوە دوور بووە .

زاناكان دەڵێن: ئەو وردەكاریانەی وێنە تازەكەی هەسارەی مووشتەری دەیخاتەروو، بەڵگەی نوێ و گرنگ لەسەر بەرگە هەوای هەسارەكە پێشكەش دەكات، هەروەك ئەوەی لەناو وێنەكەدا لەهەموو شتەكانی تر زیاتر سەرنج رادەكێشێت رەنگە زۆرەكانی ناو هەورەكانە، كە لەكاتی درووستبوونی گەردەلوولی گەورە گەورەی سەر رووی مووشتەری دەجوڵێن .

زاناكان ئەوەش  دەڵێن: هێڵی رەنگەكان لەسەر بنەمای چڕی هەورەكان و تێكەڵبوونیان بەیەكتر دروست دەبێت ، بەوەش رەنگی تازە دروست دەبێت و ئەو بایانەی خێراییەكەیان دەگاتە ٤٠٠ میل لە كاتژمێرێكدا لەیەكیان جیادەكاتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی