توركیا جارێكی تر هەڕەشەی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە

کوردستان

12/08/2019‌ 1436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەولوود چاویش وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی هێرش دەكاتە رۆژهەڵاتی فورات‌و رێگە نادات ئەمریكا هاوشێوەی ڕێكەوتنی مینبج دەستی دەستییان پێبكات .

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی لەسەر زاری چاویش ئۆغڵۆ بڵاویكردەوە، توركیا سوورە لەسەر پاككردنەوەی رۆژهەڵاتی فورات لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان جا كارەكە هەرچەندێكی تێبچێت.

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، وڵاتەكەی هەموو ڕێوشوێنێكی پێویستی دژ بە هەڕەشە دەرەكییەكان گرتۆتەبەرو راشیگەیاند، لەپرۆسەی رۆژهەڵاتی فورات توركیا هەنگاوی گرنگی ناوە ، باسی لەوەش كرد، ئەمریكا سەبارەت بە شاری منبج خاوەنی بەڵێنەكانی خۆی نەبووە .

ئۆغڵو رووی دەمی دەكاتە ئەمەریكا و ئەوەش رادەگەیەنێت، یان بەیەكەوە رۆژهەڵاتی فورات پاكدەكەینەوە، یان توركیا خۆی بەتەنیا دەچێتە ناوچەكە.

پێش چەند رۆژێك واشنتۆن و ئەنقەرە رایانگەیاند، لەپێناو دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەناو خاكی سوریا لەسەر دروستكردنی ناوەندێكی هەماهەنگی هاوبەش لەتوركیا رێككەوتوون ، كە توركیا دەیەوێت بەقووڵایی زیاتر لە ٣٢ كیلۆمەتر ناوچەیەكی ئارام لەخاكی رۆژئاوای كوردستان دروست بكات و ئاوارە سوورییەكانی نیشتەجێی توركیای بۆ بگوازێتەوە ، ئەوەش لەپێناو كۆتاییهێنان بەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی