كۆنگرەش دەكات بەمەرج بەسەریانەوە
كۆمیسیۆن چاودێری دارایی حیزبەكانی هەرێم‌و عێراق دەكات

عیراق

19/08/2019‌ 1016 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رەتیدەكاتەوە دانانی مەرج لەسەر حیزبەكان بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن، دروستكردنی گرفت بێت لە بەردەم حیزبەكان و دەڵێت: "جگە لە بەستنی كۆنگرە مەرجی دیكەشمان دەبێت"، كە ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی پێیوایە لەبەر ئەوەی زۆربەی حیزبەكان كێشەی دواكەوتنی كۆنگرەیان هەیە "كۆمسیۆن ئەو مەرجە لادەبات، یان هەڵبژاردن دوادەكەوێت".

جەمال شوكر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ هەفتەنامەی رووداو وتی: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوای لە یەكێتی و پارتی و ژمارەیەك حیزبی دیكەی هەرێمی كوردستان كردووە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆنگرە ببەستن، "ئەگەرنا رێگایان پێنادرێ بەشداریی هەڵبژاردن بكەن".

جەمال شوكر پێیوایە، مادام پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پەسەند كردووە، كۆمسیۆنەكە پێداگریدەكات لە جێبەجێكردنی و دەبێت حیزبەكان پێیەوە پابەند بن.

38  حیزب لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە بۆ كاركردن و نزیكەی نیوەی ئەو حیزبانە دەچنە نێو كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە، بەڵام چەند حیزبێك لەوانە بەو بڕیارەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان نیگەرانن، چونكە هەڵبژاردنەكە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و لە كەركوك و نەینەواش، پێگەی جەماوەرییان نزیكە لاوازە.

بزووتنەوەی گۆڕان، ساڵێك بەسەر وادەی بەستنی كۆنگرەیدا تێپەڕیوە، بەڵام وەك مەجید ساڵح، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەكە دەڵێت: "ئامادەكاری هەیە بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە نێوخۆییەكان و ئەوە كارێكی قورس نییە بۆ گۆڕان"، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشوو لە كەركوك و نەینەوا، هێندە تەماعی سیاسی نەداوە بەگۆڕان لەبەر خاتری داواكارییەكەی كۆمسیۆن كۆنگرە ببەستێ و تەنیا گلەیی و رەخنەی نێوخۆیی لە خۆی دووردەخاتەوە.
 
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەی كۆمسیۆن بە گرفت دەزانێت پارتی و یەكێتین، چونكە پێگەی جەماوەرییان لە كەركوك و نەینەوا بەهێزە.

جەمال شكور، نەیشاردەوە حیزبە كوردستانییەكان لە هەماهەنگیدان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی رووبەڕووی هەندێك لەو بڕگە و خاڵانەی نێو یاسای هەڵبژاردن ببنەوە، كە بەوتەی ئەو نەك تەنیا كۆسپ "دژایەتی خاڵ و بڕگەكانی ماددەی 140 دەكات و بە زیانی كەركووك شكاوەتەوە".

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (رووداو)ی راگەیاند، هەوڵی حیزبە كوردستانییەكان و بەتایبەتی پارتی و یەكێتی "تانەدانە لەو یاسایە و هەوڵێكی چڕوپڕی یاسایی و سیاسییە بۆ ئەوەی یاساكە هەموار بكرێتەوە".

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، تا ئێستا تەنیا سێ‌ كۆنگرەی بەستووە، دوا كۆنگرەی لە ساڵی 2010 بووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، پێویستە سێ ساڵ جارێك كۆنگرە ببەسترێت، بەڵام پێنج ساڵ بەسەر وادەی بەستنیدا تێپەڕیوە. 

یەكێتی لەكاتێكدا رووبەڕووی ئەو مەرجە قورسەی كۆمسیۆن دەبێتەوە، كە زیاتر لە چوار ساڵە سەركردەكانی لە ململانێیەكی سەختدان بەهۆی ئەوەی لەسەر شێواز و وادەی كۆنگرەكە ناسازێن.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، سەرسوڕمانی خۆی لە مەرجەكەی كۆمسیۆن دەربڕی ‌و ئەوە یەكەمینجارە كۆمسیۆن داوای لەو جۆرەی لە حیزبەكان هەبێت، ئەوەش بە كاری  كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان نازانێت، "ئەوە كاری وەزارەتی ناوخۆیە، لەوانەیە بەو هۆیەوە زۆر حیزب بەشداری هەڵبژاردن نەكەن، چونكە ئاسان نییە تۆ لەو ماوە كەمەدا بتوانی كۆنگرە ببەستی".

نووسراوەكەی كۆمسیۆن بە فەرمی ئاراستەی 20 حیزبی عێراقی كراوە، كە بەشێكیان لە هەرێمی كوردستانن، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: "زۆربەی ئەو حیزبانەی كێشەی دواكەوتنی كۆنگرەیان هەیە لە شارەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عێراقن، هەرچەندە خواستێك لەناو ئێمە هەیە بۆ ئەوەی بۆ مانگی 11ی ئەمساڵ كۆنگرە ببەستین، بەڵام ئایا هێشتا ئەندامانی كۆنگرە دیاری نەكراوە، بەوە رادەگەین؟ لەو بڕوایەدام دواجار كۆمسیۆن دەستبەرداری ئەو مەرجە دەبێت". 

 شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و كێشەكان لەگەڵ بەغدا، پاساوی زۆری دایە حیزبەكان بۆ ئەوەی چاوی خەڵك لەسەر ململانێ نێوخۆییەكانیان لاببەن.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ماوەی چەند مانگێكە وەك نوێنەری پارتی لەو لیژنەیەدایە، كە بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركوك لە بەغدا كار دەكات، ئەو دەڵێت بابەتی كۆنگرەی حیزب، پەیوەندی بە سەركردایەتییەوە هەیە، "داوامان كردووە یاساكە هەموار بكرێتەوە، نەك لەبەر ئەوەی داوای كۆنگرە دەكات لەحیزبەكان، بەڵكو لەبەر ئەوەی لە دژی كوردە و ژمارەیەكی زۆر لە دەنگدەرانی كورد لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك بێبەش دەكات لە دەنگدان".

هەروەها وتیشی: "گفتوگۆ هەیە لە نێوان حیزبە كوردستانییەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو یاسایەی هەڵبژاردن و پرسی كەركوك".

پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 دامەزراوە، تا ئێستا 13 كۆنگرەی بەستووە، دوایین كۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بووە، پەیڕەوی ناوخۆی پارتی پێویستی كردووە لەسەر ئەو حیزبە چوار ساڵ جارێك كۆنگرە ببەسترێت، بەڵام زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر وادەی كۆنگرەی پارتیدا تێپەڕیوە و هیچ وادەیەكیش دیارینەكراوە بۆ بەستنی كۆنگرە.

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت: بیرۆكەیەك هەبوو، پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی 14ی پارتی ببەسترێت، "بەڵام هێشتا نەبووەتە بڕیار و بەستن و نەبەستنی دوور و نزیك پەیوەندی بە كێشەی نێوخۆییەوە نییە". 

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی، كە داوای كرد ناوی بڵاو نەكرێتەوە، دەشڵێت: "ماوەیەكە قسە لەسەر ناكۆكی نێوخۆیی پارتی دەكرێت، بەڵام ئەوە نەك راست نییە، بگرە ناشبێتە راستی، پارتی كە بڕیاری دا كۆنگرە ببەستێ، تەنیا 5 بۆ 6 مانگی پێویست دەبێ، بەڵام ئێمە تێبینیمان لەسەر یاساكە و رەوشی ئێستای كەركووك هەیە و هەر بەهۆی ئەوەش زەحمەتە بچینە نێو هەڵبژاردنی لەو جۆرە".

لەلایەكی تر، رزگار حەمە محێدین، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت: ئەو یاسایەی پەرلەمان پەسەندی كردووە و ئێستا كۆمیسیۆن كاری پێدەكات، پشتی بە یاسای حیزبەكان بەستووەو حیزبەكانیش مۆڵەتی یاساییان وەرگرتووە و دەبێ پێیەوە پابەند بن "بابەتەكە بۆ حیزبەكان تەنیا بریتی نییە لەوەی كە دەبێت كۆنگرە لەكاتی خۆیدا ببەستن، بەڵكو لەمەودوا كۆمسیۆن چاودێریی دارایی حیزبەكان و بارەگاكانیشیان دەكات و ئەوەش دەبێتە مەرجی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن".

هـ ـ ح