رێكنەكەوتنی بەغداو هەولێر چارەنووسی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەهەڵواسراوی هێشتووەتەوە

عیراق

21/08/2019‌ 1134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەوەتەی ساڵی 2014ەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووەتە جێگەی مشتومڕی نێوان بەرپرسانی هەولێرو بەغدا، كە لەماوەی زیاتر لەو پێنج ساڵەدا بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوانیان فەرمانبەرانی هەرێم لە دۆخێكی ناخۆش و نەخوازراودا دەژین.

لەگەڵ ئەوەی ئێستا حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی سەر موچەی لابردووە، بەڵام نەیتوانیوە مانگانە لە كاتی خۆی موچەی فەرمانبەران دابەشبكات، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی كێشەكان لەگەڵ بەغدا.

ئێستا كۆتایی مانگی هەشتە، كەچی هێشتا زۆربەی دەستە و وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم موچەی مانگیی پێنجیان وەرنەگرتووەو هۆكارەكەشی بەردەوامی كێشەكانە.

جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی‌و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ میدیای فەرمی حیزبەكەی لەبارەی كێشەكانەوە دەڵێت: بەدرێژایی ئەمساڵ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە دێت و نابردرێت.

جەمال كۆچەر دەشڵێت: وەزیری دارایی عێراق پێیوتووە، بەگوێرەی سیستەمی دابەشكردنی موچە لە دەوڵەتی عێراقی مانگانە لە 18 تا 25ی مانگ وەزارەتی دارایی عێراق پارەی وەزارەتەكان‌و پارێزگاكان‌و هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزیری دارایی ئەوەشی وتووە، لە 25ی مانگەوە سەرۆكایەتییەكانی عێراق دابەش دەكرێت..

لای خۆیشییەوە ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە سێ مانگی ڕابردوودا بەغدا دوای ٢٠ی هەر مانگێك بەشە پارەی دیاریكراوی بۆ سەر حیسابی حكومەتی هەرێم خستووەتە سەر حیسابی بانكیی هەرێمەوە.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ڕوونیشیكردووەتەوە، كە وەزارەتی دارایی عێراق لەڕووی داراییەوە لە چوارچێوەی وەزارەتێك مامەڵە لەگەڵ بڕە پارەكەی هەرێم دەكات، بۆیە لەدوای 20 مانگەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت.

ئەندامە كوردەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە، هیچ كێشەیەك لەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن حكومەتی عێراقەوە نییە و چاوەڕێین لە زووترین كاتدا پارەكەی بەغدا بخرێتە سەر حیسابی بانكی هەرێم.

چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ گەیشتنی پارەكەی بەغدا، پرۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی ٥ی فەرمانبەران خێراتر بكرێت، كە تائێستا وادەی ناردنەكەی بەتەواوی روون نییە.

لەلایەكی دیكەوە ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كێشەی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا چارەسەردەكرێت ، بەڵام بەهۆی داواكاری هەندێك پەرلەمانتارەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مەترسیی بڕینی لەسەر دروست دەبێت.

ئیخڵاس دلێمی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كە لەسەر پشكی پارتییە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەماوەی 4 ساڵی رابردودا هەرێمی كوردستان پارەیەكی زۆری داوە لە حسابی خۆی و هیچ بڕە پارەیەكی لە بەغداوە بۆ نەچوە، بۆیە نقوم بووە لە قەرزدا".

ئەو راشیگەیاند، كێشەی رادەستكردنی داهاتەكانی نەوت بە بەغدا لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر دەكرێت.

ئەو دۆخە نەخوازراوەی، كە بەسەر ئابووری هەرێم و موچەی فەرمانبەراندا هاتووە لەكاتێكدایە، كە چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێم سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت و داهاتەكەشی ڕادەستی بەغدا نەكردووەتەوە، كەچی نەیتوانیوە بە تەواوەتی دۆخی ئابووری باشبكات و موچەی فەرمانبەرانیش بەتەواوەتی دابەشبكات.

هـ ـ ح