سەرۆكی كۆچكردووی لیبیا و چیرۆكی "گەشتكردن بۆ دۆزەخ"

جیهان

22/08/2019‌ 2192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موعەمەر قەزافی، كە لە ساڵی ١٩٦٩ بە كودەتای سەربازی دەسەڵاتی وڵاتی لیبیای گرتە دەست، جگە لەوەی بۆ ماوەی ٤٢ ساڵ دەسەڵاتداری وڵاتەكەی بوو خاوەنی چەندین بەهرەو توانای جیاواز بوو.

ئێستا ماوەی هەشت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كوشتنی قەزافیدا، بەڵام هێشتا قەزافی كەسایەتییەكە ژێگەی مشتومڕو قسە لەسەر كردنە، كە دوژمنانی بەپیاوێكی سەرشێت و ستەمكاریان دەزانن، لایەنگرانیشی بەكەسێكی كارێزما و لێهاتووی دەزانن، ئەم جیاواز بیبینەیش بۆ فرە كەسایەتی‌و ئاڵۆزی خودی قەزافی دەگەرێتەوە.

چیرۆكی "گەشت كردن بۆ دۆزەخ"، كە لە ساڵی ١٩٨٩ بڵاوكراوەتەوە لەنوسوینی موعەمەر قەزافییە، تێیدا بە گەلەكەی دەڵێت: هەناسەتان وەك سەگێكی دڕندە دوام دەكەوێت"، لەو چیرۆكەدا قەزافی تەواوی دەربارەی بیروبۆچوونەكانی دواوە و بە درێژی باسی ژیانی خۆی كردووە.

لەو چیرۆكەدا قەزافی هەوڵی داوە لایەنە مرۆڤایەتییەكانی خۆی باس بكات لەدەرەوەی سەرۆكایەتی و دەسەڵات و سیاسەتەوە، باسی هەستی خۆی كردووە بۆ  خەڵك و هەستی خەڵكیش بۆ ئەو چۆن بووە، ویستەكانی چی بوون و حەزەكانی بە هەمان شێوە.

قەزافی لەو گەشتەیدا بۆ دۆزەخ ویستویەتی تاجی دەسەڵات فرێبدات و وەك مرۆڤێكی میهرەبان بگەڕێتەوە ناو خەڵك و سەبارەت بە هەستەكانی بدوێت، بەڵام لەمەدا شكستی هێنا، چونكە سێبەری دەسەڵات و سیاسەت مرۆڤ كەمەندكێش دەكەن و دەسبەرداربوونیان ئەستەمە.

لەچیرۆكەكەیدا قەزافی باسی زۆر شتی كردووە، لە دۆزەخدا شوێنێكی دروستكردووە  هەمیشە وەك ئاوارەیەك لە دەستی گەلەكەی بەرەو ئەو شوێنە هەڵدێت، بە هۆی ئەم كۆدانەوە دەزانین كە قەزافی چەنێك ویستویەتی لەدەسەڵات و سیاسەت دوربكەوێتەوە، بەڵام دواجار وەكو سەركردە دیكتاتۆرەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە دەسبەرداری دەسەڵات ببێت.

قەزافی لە گشتەكەیدا بۆ دۆزەخ دەشڵێت: "چەند ناشیرینە مرۆڤ كاتێك بە كۆمەڵ ستەم دەكەن، ستەمی تاك گرفتی كەمترەو كۆمەڵ ناسرێتەوە و چارەسەر دەكرێت، بەڵام ستەمی كۆمەڵ تاك دەسرێتەوە و كۆمەڵ لە ناو دەبات".

 هەروەها نوسیویەتی: ئازادی كۆمەڵگام چەند خۆشدەوێت، كاتێك كە هیچ كەسێك نییە بیانكات بە كۆیلە و خۆیان ڕابەری خۆیان بكەن، لە هەمان كاتیشدا زۆر لەو ئازادییە دەترسم".

قەزافی لە چیرۆكەكیدا خۆی بە دەشتەكییەك پیشان دەدات، كە خاوەنی هیچ نییە، بەڵام میللەتەكەی وازی لێناهێنن و سورن لەسەر ئەوەی ڕابەرییان بكات‌و ئەوەشی نووسیوە: من داواكاری چیم هەبێت، لە كاتێكدا دەشتەكییەكی بێكەسم".

موعەمەر قەزافی لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا دەسەڵاتی گرتە دەست، بۆ ماوەی ٤٢ ساڵ سەرۆكی لیبییا بوو، لەگەشتەكەی ئەوەشی نووسیوە: لەم گەشتەمدا بۆ دۆزەخ خۆم لەئێوە رزگار دەكەم كۆیلە بەرتیل خۆرەكان، دڕندە و حەربا (جۆرە گیانەوەرێكە)و بەرازەكان، سەگە ئاوارە بریندارەكان".

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ