روسیاو و چین هۆشداری تووندیان داوەتە ئەمریكا

جیهان

26/08/2019‌ 1929 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، ڤلادیمیر سكۆسیرڤ راپۆرتێكی لە (نیزافیسیمایا غازیتا) نووسیوە، دەربارەی وەڵامدانەوەی روسیا و چین، ئەگەر بێتوو ئەمریكا رۆكێتەكانی لە ئاسیا، یان ئەوروپا بڵاوەپێبكات.

بەپێی راپۆرتەكە چاوەڕوانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكرێن لەسەر داوای چین و روسیاو هەردوو وڵات داوای گفتوگۆ دەكەن دەربارەی پێشێلكردنی پەیماننامەی خۆ رزگاركردن لەرۆكێتە ناوەندو كورت مەوداكان لەلایەن ئەمریكاوە، دوای كشانەوەی واشنتۆن لە 16 رۆژ لەو پەیماننامەیە هەستاوە بەتاقیكردنەوەی رۆكێتی تۆماهۆكی نوێ، ئەمەش وا دەردەخات ئەمریكا نیازی نییە بەو پەیماننامەیەوە پابەند بێت. 

هەروەها دەستپێشخەری هاوبەشی نێوان روسیا و چین ئەوە دەردەخات هەردوولایان لەسەر گۆڕەپانی نێو دەوڵەتی بە هەماهەنگی هەنگاو دەنێن.

هەروەك جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا (سێرگی ریابكۆف) ئاماژەی پێكردووە، كە مۆسكۆ پابەندە بەڕاگرتنی یەكلایەنەی بڵاوەپێكردنی كۆسیستەمی رۆكێتی زەمینی ناوەند مەودا تا لەلایەن ئەمریكاوە لە هەر سوچێكی ئەم جیهانە دانەنرێت.

چین تا ئێستا پلانەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام شارەزا سەربازییە بێلایەنەكان باسی ئەوەیان كردووە پەكین ماوەیەك پێش ئێستا رەتیكردووەتەوە بچێتە پەیماننامەی سوتەمەنی ئەتۆمی تیشكدارەوە. 

بەگوێرەی قسەی بەرێوەبەری ناوەندی لێكۆلینەوەی ئاسیای و زەریای ئارام لە هۆنگ كۆنگ (چانگ باوهۆی): تاقیكردنەوەی رۆكێتی كرۆزی زەمینی لەلایەن ئەمیكاوە رێساكانی گەمەكە بەشێوەیەكی كرۆكی ناگۆڕێت، بەوەی ئەمریكا بەردەوام فۆكەس دەخاتە سەر هێزە ئاسمانییەكان نەوەك یەكە رۆكێتییەكان.

بە پێچەوانەوەی ئەمەوە، هێزە رۆكێتیەكانی چین بڕبڕە پشتی هێزە دەمكوتكەرەكان پێك دەهێنێت، دەكرێت پێشبینی ئەوە بكرێت وەڵامدانەوەی چین بۆ بڵاوەپێكردنی چەكە ئەمریكییەكان لەبەردەم دەرگاكانی، بریتی بێت لە بەهێزكردنی توانا رۆكێتییەكانی و گەیاندنی بەئاستێك بەشی ئەوە بكات بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ژاپۆن و كوریای باشوورو دوورگەكانی رۆژئاوای زەریای ئارام وێران بكات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا