شارپرێس:
ئەمڕۆ، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوە پێویستەکانی پرۆسەی ئاشتی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سەنجەر، لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتولمووش کۆبوونەوە.
شاندی ئیمراڵیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە قسەکردن و تاوتوێکردنی قۆناغەکانی ئێستای پەیوەست بە دەرچواندنی یاسای چوارچێوە بووە.
ڕاشیگەیاند: "تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، قۆناغی ئێستای یاسای چوارچێوە بوو، کە ڕای گشتییش لە نزیکەوە چاودێری دەکات. لە دیدارەکەدا، سەبارەت بە یاسای چوارچێوە کە بۆ پرۆسەکە بایەخێکی زۆری هەیە، چاوەڕوانی و ڕاوبۆچوونەکانی خۆمان خستەڕوو کە پێویستە پێش پشووی پەرلەمان دەربکرێت."
هەروەها شاندەکە ئاشکرایکرد سەرۆکی پەرلەمان هاوڕا بووە لەسەر دەرچواندنی پێویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە و سەرۆکی پەرلەمانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە پرسی یاسای چوارچێوەدا ئەویش خاوەنی هەمان تێڕوانینە کە دەبێت پێش پشووی پەرلەمان دەربکرێت و تا کۆتایی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەم بارەیەوە.
هەروەها جەختیان لە گرنگی ڕۆڵی پەرلەمان لە بابەتە یاساییەکانی پرۆسەکە و هاوڕایی لەسەر هاوێشتنی هەنگاوی بەپەلە بۆ دەرکردنی یاسای چوارچێوە و هەموارکردنی یاسایی کردەوە.
