شارپرێس:
لەنێوان هیوای ئاشتییو ترسی هەڵوەشاندنەوە؛
عێراق خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادەدەکات دوای ڕێککەوتنی چاوەڕواننەکراوی نێوان ئەمریکاو
ئێران بەناوبژیوانی پاکستان، ناوەندە سیاسییەکانی عێراقیش بەوردی چاودێریی دۆخەکە
دەکەنو بەشێک لەشارەزایان پێیانوایە، ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئارامبونهوهى عێراقو
بەشهكهى دیكهش پێیانوایە، هێشتا زوە بۆ بڕیاردان.
ئەم ڕێککەوتنە کە بەناوبژیوانی پاکستان کراوە،
چەند خاڵێکی گرنگ لەخۆدەگرێت؛ وەک ڕاگرتنی شەڕ، کردنەوەی گەروی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتییەکانو
لادانی گەمارۆی سەر ئێران.
پسپۆڕان دەڵێن، عێراق هەمیشە زیانمەندی یەکەمی
شەڕی نێوان ئەم دوو وڵاتە بوە، ئێستا کات گونجاوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ناوماڵی
خۆی ڕێکبخاتەوەو کۆنترۆڵی چەکە بێ مۆڵەتەکان بکات، ئارامبونی ناوچەکە یارمەتی عێراق
دەدات نەوتی خۆی بەبێ سەرئێشە هەناردە بکاتو بازاڕی کارو وەبەرهێنانیش گەشە بکات.
چاوەڕواندەکرێت، هێرشە چەکدارییەکان کەم ببنەوەو
چیتر خاکی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەی وڵاتانی دیكه، هەرچەندە هێشتا
ڕێککەوتنەکە نوێیەو ترسی هەڵوەشاندنەوەی هەیە، بەڵام چاوەکان لەسەرئەوەن، کاتێک ئەمریکا
پلانە نوێیەکانی لەڕێگەی نێردراوەکەیەوە (تۆم باراک) جێبەجێدەکات، عێراق چۆن ڕەفتار
دەکات.
عیماد موسافیر شیکەرەوەی سیاسیی عێراقى
ئاماژە بەوەدەکات، عێراق لەناوچەیەکی پڕ لەململانێدایەو هەر جێگیرییەک ڕەنگدانەوەی
ئەرێنی لەسەر ناوخۆی وڵات دەبێت، بۆیە پێویستە بڕیار بەدەستانى عێراق، دهرفهتهكان
بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بقۆزنهوه.
لهلایهكى دیكهشهوه دکتۆر ئیحسان شهمهری
سەرۆکی ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسیی پێیوایە، ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ حکومەتەکەی
عەلی زەیدیی تا ناوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوەو پرسی چەکداری دەرەوەی یاسا چارەسەربکات، هەروەها
لەڕوی ئابوریشەوە پێشنیازی هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەی نەوتی عێراق دەکات (وەک
لەڕێگەی سعودیە، ئوردن، سوریاو تورکیاوە).
ههر لهوبارهیهوه د. هەیسهم هێتی مامۆستای
زانستە سیاسییەکان لەزانکۆی ئێکسیتەری بەریتانی هۆشداریدەدات کە ڕێککەوتنەکە هێشتا
ناسکەو پێیوایە، داهاتوی عێراق زیاتر بەستراوەتەوە بەستراتیژی نوێی ئەمریکا لەناوخۆی
وڵات کە لەلایەن نێردراوی تایبەت "تۆم باراک"ەوە بەڕێوەدەبرێت.
عەلی بەیدەر شیکەرەوەی سیاسیی پێشبینیدەکات،
ئەم هێوربونەوەیە ببێتە هۆی کەمبونەوەی هێرشە یەک لەدوای یەکەکان لەسەر خاکی عێراقو
هاندەرێکی باش بێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ ناو وڵات.
