شارپرێس:
دەزگا ئەمنییەکانی پایتەختی
لیبیا بەفەرمی سەرجەم ئەو دەنگۆو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە کە باسیان لەدەستگیرکردنی
کچە بلۆگەرێکی بەناوبانگی عێراقی دەکرد بەتۆمەتی تێوەگلان لەدۆسیەی تیرۆرکردنی کچە
چالاکوانو بلۆگەری ناوداری لیبی، (خەنسا موجاهید) ئەم ڕەتکردنەوە فەرمییە دوای تەقینەوەی
شەپۆلێکی بەرفراوانی دەنگۆکان هات لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لیبیاو عێراقدا.
ڕوداوهكه دەگەڕێتەوە
بۆ مانگی تشرینی دوەمی ساڵی 2025، کاتێک کچە بلۆگەری لیبی (خەنسا موجاهید)، هاوسەری
موعاز مەنفوخ (ئەندامی پێشوی کۆڕبەندی دیالۆگی سیاسیی لیبیا)، لەناوچەی (سەراج) لەشاری
تەرابلوس بەدەستڕێژی گولـلە کوژرا، دوای ڕوداوەکە، وەزارەتی ناوخۆی لیبیا تیمی لێکۆڵینەوەی
باڵای پێکهێنا بۆ ئاشکراکردنی لایەنی بەرپرسیار، بەڵام تائێستا هیچ تۆمەتێکی فەرمی
ئاڕاستەی کەس نەکراوە.
لەچەند کاتژمێری ڕابردودا،
چەندین لاپەڕەی دیاری سۆشیاڵ میدیا بڵاویانکردەوە کە "دەزگای پاڵپشتیی بەڕێوبەرایەتییەکانی
ناوچەکە" لەڕۆژئاوای لیبیا، کچە بلۆگەرێکی عێراقییان بەناوی سەرەتایی (د. ف)
دەستگیرکردوە بەهۆی گومان لێکردنی لەم دۆسیەیەدا، بەڵام دەزگا ئەمنییەکە بەخێرایی
هاتەدەنگو ڕایگەیاند، "لێکۆڵینەوە بەردەوامەو هۆزەکان لەسەر هێڵن".
سەرچاوەیەکی ئەمنی باڵا
لەتەرابلوس سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەبەستنەوەی ناوی کچە بلۆگەرە عێراقییەکە بەم
تاوانەوەو ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بۆ گەیشتن بەڕاستییەکان بەردەوامن.
هاوكات، هۆزی "قەمامدە"
(کە خەنسا سەر بەو هۆزەیە) توڕەیی توندی خۆیان نیشانداوەو داواکاری گشتییو وەزیری
ناوخۆیان بەبەرپرسیار داناوە، داواشیانکردوە ئەنجامەکان بەشەفافی بۆ ڕای گشتیی
ئاشکرابکرێن، لایەنی مافەکانی مرۆڤیش بێدەنگیی ڕێکخراوەکانی ژنانیان لەئاست ئەم تیرۆرەدا
شەرمەزارکردوە.
