شارپرێس:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە
لێواری تەقینەوەیەکی گەورەو بێپێشینە، ئێران بەفەرمی ڕاگەیاندنی "سەعاتی
سفر"ی دەرکردو تەواوی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی خستە دۆخی تەقاندنەوە بۆ لێدانی
کتوپڕی ئیسرائیل، وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانەکەی سەر زاحییەی باشوری بەیروت، هاوکات
تاران گەشتە ئاسمانییەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی ڕاگرتو هەڕەشەی بلۆکەکردنی گەورەترین
ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دەکات.
عەلی ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران، پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ئیسرائیلو هاوپەیمانەکانی
کردو وتی، "سەعاتی سفر هاتوەو سەکۆکانی هەڵدانی موشەک خەریکی ئامادەکردنن، ئەگەر
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان نەوەستن، گەروی هورمزو بابولمهندهب دەبنە هۆی
خنکاندنی ستراتیژیی خوێنبەرە ئابورییەکانى جیهان".
هاوکات ئاژانسی
"تەسنیم"ی ئێرانی پشتڕاستیکردەوە، سەکۆکان بەتەواوی ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی
ئەو سەرکێشییە سەربازییەی ئیسرائیل.
وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبونەوەی
کاتی هێرشەکە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لەناوچەکانی ڕۆژئاوای
وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگرت، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبەیاننامەیەکی
فەرمیدا، ئەمریکای بەبەرپرسیاری ڕاستەوخۆ دانا لەپێشێلکردنی ئاگربەستی لوبنان لەلایەن
ئیسرائیلەوەو هۆشداریدا کە واشنتۆنو تەلئەبیب باجی قورسی لێکەوتەکانی ئەم گرژییە
دەدەن.
ئەم تەقینەوە سەربازییە
کتوپڕە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بەتەواوی پەکخست، ترەمپ-یش
پێشتر ڕایگەیاندبوو، داوا لەئێران دەکات هێرشنەکاتەسەر ئیسرائیل، ئەو بەخەمبارییەوە
وتی، "دەکرا دوێنێ ڕێگریی لەبۆردومانەکەی بەیروت بکرێت، بەتایبەت لەم ڕۆژە تایبەتەدا
(كه مهبهستى ڕۆژی لەدایکبونی خۆی بوو) تێیدا ڕێککەوتنی گەورە لەگەڵ ئێران لەهەمیشە
نزیکتربوو".
