شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەفەرمی پڕۆژەی فرۆشتنی کەرەستەی بیناسازیی بەقیستی درێژخایەن بۆ فەرمانبەرانو خانەنشینان ڕاگەیاند، بەئامانجی کەمکردنەوەی باری دارایی سەرشانی هاوڵاتیانو بوژاندنەوەی کەرتی ئاوەدانکردنەوە لەوڵاتدا، وهزیرى بازرگانیش دهڵێت، "پڕۆژهكه لهئێستادا تهنها ئهو فهرمانبهرو خانهنشینانه دهگرێتهوه كه موچهكانیان تهوتین كراوه".
وەزارەتی بازرگانیی عێراق پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی گرنگو بێپێشینەی ڕاگەیاند کە ڕاستەوخۆ گۆڕانكاریى لهبژێوییو ژیانی ملیۆنان فەرمانبەرو خانەنشین دەکات، لهوبارهیهوه مستەفا نزار عانی وەزیری بازرگانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگهیاند، پڕۆژەیهكى گهورهى هاوكاریى بیناسازییان ههیه كه خۆى دهبینێتهوه لهدهستهبهركردنى تەواوی کەرەستەکانی خانوبەرەو باڵەخانە بەسیستەمی قیستی درێژخایەن.
ئاماژهى بهوهشكرد، قۆناغی یەکەم پێكدێت لهکڕینی کەرەستە بەقیستی 15 مانگ، بۆ ئهوهش بەهاوبەشی لەنێوان کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەرەستەی بیناسازییو کۆمپانیای ناوداری "کی کارت" ڕێكهوتنێك واژۆکراوە، ههر لهم قۆناغهدا تەنها ئەو فەرمانبەرو خانەنشینانە سودمەند دەبن کە موچەکانیان لەسەر "بانکی ڕافیدەین" تەوتین (دیجیتاڵی) کراوە.
ئهوهشى وت، "بۆ دورکەوتنەوە لەڕۆتینی باوی فەرمانگەکان، پڕۆسەی پێشکەشکردنى داواكاریى بەتەواوی ئەلیکترۆنی دەبێت، لەچەند ڕۆژی داهاتودا ئەپێکی ئەلیکترۆنی کارادەکرێت، هاوڵاتی خۆی لەڕێگەی مۆبایلەکەیەوە جۆرو بڕی ئەو کەرەستە بیناسازییانە دیاریدەکات کە پێویستیەتی، کۆمپانیای کەرەستەی بیناسازیی بەفەرمی بەرپرس دەبێت لەدیاریکردنی نرخەکان بهگوێرهى بازاڕ.
وەزیری بازرگانی لەکۆتایی کۆنگرەکەدا پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم بانکەکانی عێراق کردو داوای لێکردن، پرۆسەی تەوتینکردنی موچەی فەرمانبەران خێرابکەن بۆ ئەوەی زۆرترین چینو توێژ سودمەندبن.
