شارپرێس:
ئاشکرابونی دۆسیەیەکی
قورسی گەندەڵیی داراییو ئەمنی، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەرێمی کوردستانی
خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێوە؛ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پەردەی لەسەر
دیارنەمانی 38 هەزار تۆن پەینی کیمیایی لادا کە لەمەرزەکانی باشورەوە هاوردەکراوەو
لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دیارنهماوه، هاوکات بەرپرسانی کشتوکاڵ هۆشداریی
توند دەدەن کە ئەم کەرەستانە لەڕیزی مادە زۆر هەستیارو مەترسیدارەکاندایه، چونکە
پێکهاتەکانیان لەدروستکردنی تەقەمەنیدا بەکاردێنو دیارنەمانیان لەدەرەوەی چاودێریی
ئاسایشی نیشتمانی، مەترسییەکی گەورەی ئەمنیی بۆسەر وڵات دروستدەکات.
کارەساتێک لەکەرتی
کشتوکاڵدا
کەرتی کشتوکاڵی عێراق ڕوبەڕوی
شەپۆلێکی توندی گەندەڵی داراییو کارگێڕی بوەتەوە کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتەسەر ئاسایشی
خۆراکو بژێویی جوتیاران، ئاشکرابونی دۆسیەی ونبونی بڕێکی زەبەلاح لەپەینی کیمیایی
هاوردەکراو، لەپاڵ دزینی پارەو فرۆشتنی زەویو زارە فەرمییەکان، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی
لەلایەن دامەزراوە چاودێرییەکانی عێراقەوە بەدوای خۆیداهێناوە.
سەرەداوو ڕەهەندەکانی
دۆسیەی گەندەڵییەکە
بهگوێرهى بەدواداچونەکانی
دیوانی چاودێریی دارایی، بڕی 38 هەزار تۆن پەینی کیمیایی پاڵپشتیکراو کە بەملیاران
دینار دەخەمڵێندرێت، لەڕێگەی دەروازە سنورییەکانی باشوری عێراقەوە هاتوەتە ژورەوە،
بەڵام بهگوێرهى بەڵگەنامە فەرمییەکان، ئەم بڕە ڕاستەوخۆ چوەتە ناو خاکی هەرێمی
کوردستانو لەوێ دیارنهماوه، بەجۆرێک 15 پارێزگاکەی دیكهى عێراق تەنانەت یەک
گرامیشیان لێ وەرنەگرتوە.
لهوبارهیهوه تەحسین
موسەوی ڕاوێژکاری یەکێتیی گشتیی کۆمەڵە جوتیارییهكانى عێراق هۆشداریدا کە ئەم بابەتە
تەنها گەندەڵی دارایی نییە، بەڵکو مەترسییەکی ئەمنیی جدییە؛ چونکە پێکهاتەی ئەمجۆرە
پەینانە لەڕیزی مادە زۆر ههستیارو مەترسیدارەکاندایە کە زۆركات لەدروستکردنی تەقەمەنیدا
بەکاردێن، بهگوێرهى یاسا، دەبێت دابەشکردنیان لەژێر چاودێریی توندی ئاسایشی نیشتمانیو
وەزارەتی کشتوکاڵدا بێت.
وهكو موسهوى جهختى
لهسهركردوهتهوه، ئەو کەرەستانە بەکارهێنانی ئاساییان بۆ کشتوکاڵ یان پیشەسازییە،
بەڵام بەهۆی پێکهاتە کیمیاییەکەیانەوە زۆر مەترسیدارنو دەکرێت لەلایەن گروپە چەکدارەکان
یان قاچاخچییەکانەوە بۆ کاری تێکدان یان دروستکردنی تەقەمەنیو بۆمب بەکاربهێنرێن،
بەهۆی ئەم هەستیارییەشەوە، حکومەت بەتوندی چاودێریی هاتنەژورەوەو دابەشکردنیان دەکات.
ئهوهشى وتوه،
"لێکۆڵینەوەکان تەنها لەسەر پەینەکە نین، بەڵکو دەرکەوتوە کە نزیکەی 700 ملیۆن
دینار لەبودجەی کۆمەڵە جوتیارییهكان دزراوە، هاوکات چەندین خانوو و زەویو زاری
تایبەت بەکۆمەڵەکە کە بەهایان زیاتر لە 140 ملیار دینارە، بەنایاسایی فرۆشراون، ههر
لەناو دۆسیەکەدا، پەردە لەسەر گرێبەستێکی وەهمی لادراوە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل، کە تەنها
وەک پەردەیەک بەکارهاتوە بۆ سپیکردنەوەو قاچاخچێتی ئەو پارانەی کە بۆ پاڵپشتیکردنی
جوتیاران تەرخانکرابون.
دیوانی چاودێریی دارایی
عێراق لەئێستادا بەردەوامە لەلێکۆڵینەوە قووڵەکانیو ناردنی نوسراوی فەرمی بۆ هەموو
لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەمەبەستی دۆزینەوەی سەرەداوی ڕاستی ئەم دۆسیە شێواوەو دەستنیشانکردنی
ئەو کەسولایەنە بەرپرسانەی کە زیانیان بەسەروەتی گشتیی گەیاندوە، تا ڕادەستی دادگا
بکرێن.
