شارپرێس:
لەژێر چەترێکی نێودەوڵەتیداو لەدڵی پەرلەمانی ئەوروپاوە، هاواری نەتەوە بندەستەکانو دەنگی گەلی ڕاپەڕیوی ئێران یەکیانگرت؛ کۆنفراسی مێژویی "بونیادنانی ئێرانی دیموکراتیک" بەبەشداریی بەربڵاوی نوێنەرانی کورد، بەلوچ، عەرەبو تورکمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەوروپی بەڕێوەچوو، تێیدا پەیامێکی توندو یەکلاکەرەوە ئاڕاستەی جیهان کرا، "کاتی کۆتایهێنان بەناوەندگەراییو سەرکوتکاری ناوخۆیی هاتوەو ئایندەی وڵاتەکە تەنها لەسەر بنەمای فرەنەتەوەیی، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکو فەلسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی) بونیاد دەنرێت".
وەرچەرخانێکی مێژویی
کۆنفراسەکە لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە ئێران لەقۆناغێکی زۆر هەستیارو ئاڵۆزی مێژویدایە، وڵاتەکە لەلایەکەوە بەدەست قەیرانی قووڵی سیاسیی، ئابوریی، کۆمەڵایەتیو ژینگەییەوە دەناڵێنێت کە دەرەنجامی دەیان ساڵ دیکتاتۆری، ناوەندگەراییو جیاکارییە، لەلایەکی دیكهشهوه ئاڵۆزییە ناوچەییەکانو مەترسی دەستێوەردانی دەرەکی باری نالەباری وڵاتەکەی قورسترکردوە، ئامانجی سەرەکی ئەو کۆبونەوە مێژوییەش، دروستکردنی پانتاییەک بوو بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە لەسەر ئایندەی ئێرانو دۆزینەوەی ڕێگهکانی گواستنەوە بەرەو ئازادیو دیموکراسی.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفراسەکە
بەشداربوان جەختیانکردەوە، گەلی ئێران نابێت ناچاربکرێت لەنێوان سەرکوتکاری ناوخۆییو جەنگ یان دەستێوەردانی سەربازیی دەرەکیدا لایەنێک هەڵبژێرێت، چونكه ئایندەی وڵاتەکە دەبێت تەنها لەسەر بنەمای ئیرادەی گەلو خەباتی مەدەنی بونیادبنرێت، نهك دهستێوهردانى دهرهكیى.
ئامادەبوان ئاماژەیان بەوەکرد، ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەکولتور، فرەزمانو فرەئایینە، هەر پڕۆژەیەکی دیموکراتی تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە دان بەم فرەییەدا بنێت، نوێنەرانی نەتەوەکانی کورد، بەلوچ، عەرەبو تورکمان داوای کۆتایهێنان بەسیاسەتی تواندنەوەی کولتورییو ناوەندگەراییان کردو جەختیان لەسەر "خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک"و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات کردەوە.
بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک هێمایەکی هەرە درەوشاوەی خواستو ویستی قووڵی کۆمەڵگه بۆ یەکسانی، کەرامەتی مرۆییو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵات لەئێراندا نرخێندراو ئامادهبوان لهپهرلهمانى ئهوروپاوه جهختیان لهسهر كردهوه.
لەپانێلەکاندا ئاماژە بەوەکرا، تێکچونی ژینگە، قەیرانی ئاوو لەناوچونی سەرچاوە سروشتییەکان بەشێکن لەقەیرانی حوکمڕانیی، ئهوهشیان وت، "بەبێ بەشداریپێکردنی کۆمەڵگه خۆجێییەکان، گەشەپێدانی بەردەوام مەحاڵە".
پەیامە ڕونەکانی کۆنفراسەکە
پەیام بۆ ناوخۆی ئێران: ئایندەی دیموکراتیک تەنها بەبەشداری هەموان، قبوڵکردنی فرەییو هاوپشتی نێوان هەموو نەتەوەکان، ژنانو گەنجان دەستەبەردەبێت، هیچ نەتەوە یان لایەنێکی سیاسیش بەتەنها ناتوانێت ئایندەی ئێران دروستبکاتو مسۆگهرى بكات.
پەیام بۆ کۆمەڵگهی نێودەوڵەتیو ئەوروپا: پشتگیریکردنی گەلانی ئێران نابێت کورتبکرێتەوە لەپەیوەندیی دەوڵەتان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، پێویستە جیهان دەنگی کۆمەڵگهی مەدەنی، ژنان، بەندکراوانی سیاسییو نەتەوە جیاوازەکانی ئێران ببیستێتو مافی دیاریکردنی چارەی خۆنوسینیان لەبەرچاو بگرێت.
"پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران" ڕایگەیاندوه، ئەم کۆنفراسە تەنها ڕوداوێکی کاتیی نییە، بەڵکو دەستپێکی پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ نزیککردنەوەی دیدگا جیاوازەکانو بونیادنانی بەرەیەک لەهێزە دیموکراتو ئازادیخوازەکان بۆ گەیشتن بەئاسۆیەکی ڕون.
