ترەمپ خەریك بوو كوردیش بەفەتارەت بدات

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 45 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرتیپ جەوهەر:

لەدوای پەلاماردانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، چەندینجار دۆناڵد ترەمپ راستەوخۆ تۆمەت دەخاتە پاڵ كورد كە ئەوان ئەو چەك و پارەیان خواردووە كە ئەمریكا بۆی ناردوون.

 
دەمەوێت لەوبارەیەوە چەند سەرنجێك بخەمەڕوو:
یەكەم: بەر لەدەستپێكردنی شەڕی ئێران، رەنگە ئەمریكا هەوڵیدابوبێت لەڕێی كورد لەناوخۆی ئێران فشار دروستبكات، بەڵام بەهۆی فشارو هەڕەشەی توركیا، واشنتۆن خێرا پاشەكشەی كردو لە پلانی چەكداركردنی كوردو هاوكاریكردنیان پاشگەزبوویەوە! لەوبارەیەوە دەیان لێدوان و راپۆرتی رۆژنامەوانیی هەیە ئەم راستیە بسەلمێنێ.
بەر لەدەستپێكردنی شەڕ میدیای ئەمریكا چەند راپۆرتێكیان لەبارەی ئامادەكاریی حزبەكانی باشور كرد تاوەكو بەشداری لەئۆپراسیۆنی ئەمریكادا بكەن، ئەم راپۆرتانە وا لێكدرایەوە كە ئەمریكا دەیەوێت كورد توشی ئەمری واقع بكات و ناچار بەبەشداریكردنی بكات، ئەمەش بەڵگەی ئەو بۆچوونە بوو كە كورد چ حزبەكانی باشور، یان حزبەكانی رۆژهەڵات دوودڵ بوون لەبەشداریكردن بەهۆی متمانە نەكرد بەئەمریكا، بۆیە میدیای ئەمریكا دەیویست كورد بگلێنێتە بارودۆخەكە.
دووەم: 10 رۆژێك بەر لەدەستپێكردنی شەڕی ئێران، تۆم باراك هاتە هەرێمی كوردستان. پارتی و یەكێتیی بینی. هەردوولا بەروونی دڕدۆنگیی و ترس و بێمتمانەیی خۆیان لەشەڕژی ئێران بەئەمریكا راگەیان. داوای گرەنتیان لەئەمریكا كرد ئەگەر پەلاماری ئێرانی دا. بەوپێیەی ئێران كاردانەوەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەبێت ئەگەر بەشداریش لەشەڕەكەدا نەكەن. بەڕاستیش وا دەرچوو، هەرچەند سەركردایەتی پارتی و یەكێتیی دڵنیاییان دەدا ئێران، كەچی سوپای پاسداران پەلاماری هەرێمی دەداو بەردەوامیشە.
سێیەم: ئەمریكا خاوەنی یەكێك لەگەورەترین دەزگاكانی جاسوسیە لەجیهان. ئەوان جولەی مارو مێروو لەسەر زەوی ئاگادارن و دەزانن. باشە نازانن چەكیان داوەتە كێی  یان كێ‌ چەكەكانی ئەمریكای بردووە؟ ئەگەر راست دەكەن بۆ ئەو لایەنە ئاشكراناكەن كە چەكەكانی بردووە تا لای هەمووان روون بێت؟!
پێدەچێت ئەم لێدوانانەی ترەمپ لەبارەی چەكەكان بۆ رازیكردن و دڵنیاكردنەوەی توركیا بێت كە ئەوان ئەگەر نیازیشیان هەبووبێت لەڕێی كورد جموجۆڵ لەناوخۆی ئێران دروستبكەن، بەڵام سەرینەگرتووە. پێدەچێت ترەمپ بیەوێت لەڕێی ئەو تۆمەتانەو ناشرینكردنی ناوی كوردەوە خۆی لەو پرسە لەبەرامبەر توركیا دەرباز بكات، بەتایبەت پەیوەندییەكی تایبەت و گوماناویی لەنێوان ئەو و ئەردۆغاندا هەیە.
چوارەم: دووبارەكردنەوەو بەردەوامبوونی ترەمپ لەسەر ئەو لێدوانە خراپە لەسەر كورد، زیانی گەورە بەناوبانگی گەلی كورد دەگەینێت. وێنەی گەلی كوردستان لەگەلێكی ستەملێكراو و چەوسێنراوە و وێڵ بەدوای مافەكانی، دەگۆڕێت بۆ گەلێكی چەتەو چەكدار لەپێناو پارەو چەك كە لەڕاستیدا گەلی كورد خاوەنی مێژوویەكی دروورو درێژو قوربانییەكی زۆرە لەناوچەكە دژ بەوڵاتانی داگیركەرو پێشمەرگەو گەریلا تائێستا ناوبانگێكی باشیان لەئەوروپاو ناوچەكە هەیە بەتایبەتیش لەم ساڵانەی دواییدا لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆرو داعش.
پێنجەم: پێدەچێت ترەمپ بۆداپۆشنی بەشێك لەو شكستەی لەبەرامبەر ئێران تائێستا رووبەرووی بۆتەوە، دەیەوێت ئۆباڵی ئەو شكستە بخاتە پاڵ گەلی كورد كە هەموو دونیا دەزانێت بۆخۆی گەلێكی ستەملێكراوەو لەغەیری دوعاكردن چاوەڕێی دەرفەتێكە بارودۆخ بگۆڕێت، ئەگینا توانای رووخاندن یان پارچەپارچەكردنی ئێرانی نییە، بگرە هەوڵیشی بۆنەداوەو نایدات.
شەشەم: هەقە پارتی و یەكێتیی، حزبەكانی رۆژهەڵات بەیانی هاوبەش یان بەیانی تایبەت دەربكەن ئەمریكا بخەنە بەردەم پرسیارێتی و ئەو تۆمەتە بەروونی رەتبكەنەوە. خۆ بێدەنگبوونیشیان گومان دروستدەكات، ناكرێت خۆیان لەو پرسە كڕ بكەن و هیچ نەڵێن، پێویستە وڵامیان هەبێت.

خولاسە، ئەم لێدوانە بێ سەروبەروو دووبارانەی دۆناڵد ترەمپ سەرلێشێواویی سیاسەتی ئەمریكا و سەرۆكەكەی پێشان دەدات. تائێستا لەشەڕی ئێراندا سەركەوتوو نەبوون. سەرەتا هەرایەكی میدیایی زۆر گەورەیان دروستكرد بەجۆرێك وەك ئەوەی بەچەند رۆژێك یان بەكوشتنی چەند بەرپرسێكی ئێران ئیدی شەڕەكە لەبەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێدەهێنن، بەڵام لەڕاستیدا پێشبینی ئەمریكا لەجێگای خۆیدا نەبوو، خەریك بوو كوردیش لەوناوە بەفەتارەت بدەن. سەركردایەتی حزبەكانی كورد چ لەباشور یان رۆژهەڵات كارێكی زۆرباشیان كرد كە دڕدۆنگ بوون و متمانەیان بەئەمریكا نەبوو. هەروەك ئەو هەرا میدیاییەی ئەمریكا وایكرد چاودێرانیش بەهەڵە لێكدانەوە بۆ شەڕی ئێران بكەن، چونكە دامودەزگا رەسمیی و میدیاییەكانی ئەمریكا، زانیاریی هەڵەو ناڕاستیان لەبارەی توانای ئەمریكاو توانای بەرگری ئێران بڵاودەكردەوە.
.