پله‌كانى گەرما داده‌به‌زن‌و بایه‌كى به‌هێز به‌ڕێوه‌یه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی کەشناسی عێراق ئاشكرایكرد، لەچەند ڕۆژی داهاتودا بارودۆخی کەشوهەوا گۆڕانكاریى به‌سه‌ردادێت‌و پلەکانی گەرما لەسەرتاسه‌رى عێراق، بەڕێژەیەکی کەم ڕوو له‌دابه‌زین ده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەپۆلی گەرما توندەکە، ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئاسمانێکی نیمچە هەورو فێنک بەخۆیانەوە دەبینن، به‌ڵام بایه‌كى به‌هێز ڕوو له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كات".


دەستەی گشتی کەشناسیی‌و بومەلەرزەزانیی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا نوسیویه‌تى، "کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو بەجێگیریی دەمێنێتەوەو لەزۆربەی پارێزگاکان ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئاسمان نیمچە هەور دەبێت‌و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی کاریگەریی تیشکی خۆرو تاڕاده‌یه‌ك كه‌شێكى فێنك".

بۆ سبەینێ یەکشەممە کەشناسی ئاماژەی بەوەکردوە، نزمترین پلەکانی گەرما لەهەرێمی کوردستان تۆماردەکرێن، بەشێوەیەک دهۆک 34 پلە، سلێمانی 35 پلەو هەریەکە لەهەولێرو نەینەوا 36 پلەی سەدی دەبن، لەکاتێکدا بەغدا 41 پلەو بەرزترین پلەش لەزیقار ده‌بێت كه‌ 45 45 پلەی سەدییە.

بۆ ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش ده‌سته‌ى كه‌شناسى ده‌ڵێت، "ڕۆژی دوشەممە پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن‌و سێشەممەش کەشوهەوا بەجێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی چوارشەممە، پێشبینیدەکرێت بایه‌كى به‌هێز لەئاراستەی باکوری ڕۆژئاواوە چالاک بێت‌و خێراییەکەی بگاتە زیاتر لە30 کیلۆمه‌تر لەکاتژمێرێکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تۆزو خۆڵێکی سوک‌و کەمبونەوەی ئاستى بینین بۆ (3 ـ 5) کیلۆمه‌تر لەناوچەکانی ناوەڕاست‌و باشور، لەگەڵ بەرزبونەوەیەکی کەمی پلەکانی گەرما.