شارپرێس:
لەپێشهاتێکی مەترسیداردا کە هەڕەشە لەئاسایشی دەریاوانی نێودەوڵەتی دەکات، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی فرەدرۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لەگەروی هورمز پوچەڵکردەوەو سێنتکۆمیش ڕایدەگەیەنێت، "هاتوچۆى بازرگانیى لهگهروهكه ئاسایی بوهتهوهو ڕێگەش نادەین هاتوچۆی بازرگانی جیهانيی پەکيبکەوێت".
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتكۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكردوهتهوهو ڕایگهیاندوه، هێزەکانیان لەکاتژمێرەکانی ڕابردودا سەرکەوتوانە وهڵامى هێرشێکی ئاسمانییان داوەتەوە، دهشڵێت، "هێرشهكه درۆنى بوه، بهڵام سەرجەمیان خرانهخوارەوە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستەی گەروی هورمز کرابون".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری یەک ئاراستەیی (خۆکوژ)ی بەمەبەستی لێدانو بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییە بازرگانییانە تەقاندوە کە بەو گەروە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەدا تێپەڕدەبن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختیکردوەتەوە، بەهۆی وەڵامدانەوەی خێراو کارای هێزەکانیان، توانراوە سەرجەم هەڕەشەکان تێكبشكێندرێنو لەئێستاشدا هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروەکەدا بەشێوەیەکی تەواو ئاسایی، ئارامو بێ هیچ ڕێگرییەک بەردەوامە.
سێنتکۆم ئهوهشى وتوه، "ڕێڕەوی بازرگانی نێودەوڵەتی لەناوچەکەدا بەکراوەیی ماوەتەوەو هێزەکانمان پابەندن بەپاراستنی سەقامگیریی ئابورییو دەریاوانی جیهانیی".
