حكومه‌تى عێراق كۆمه‌ڵكوژى سپایكه‌ر ده‌كاته‌ كه‌یسێكى نێوده‌وڵه‌تى‌و ناساندنى وه‌ك جینۆساید

عیراق

13/06/2026‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دامەزراوەی شەهیدانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم قوربانیانی کۆمەڵکوژیی سپایکەر لەتەواوی ماف‌و ئیمتیازاتەکانی تایبەت بەقوربانیانی تیرۆرو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەهرەمەندن، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "لیژنەیەکی باڵا بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسەکەو هەوڵدان بۆ ناساندنی وەک تاوانی جینۆساید پێکهێنراوە".


سەعد ڕەعد عەباس بەڕێوەبەری بەشی شەهیدانی سپایکەرو بادوش‌و ڕاوێژکاری یاسایی لەدامەزراوەکە لەلێدوانێکدا بۆ میدیاكانى عێراق وتویه‌تى، "قوربانیانی سپایکەر به‌گوێره‌ى یاسای هەموارکراوی ژمارە 20ی ساڵی 2009، سەرجەم مافە یاساییەکانیان پارێزراوە".

وتیشى، "دامەزراوەى شه‌هیدان لەساڵی 2015وە دەستی بەگەڕان کردوەو تائێستا 18 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە کە تێیدا ڕوفاتی 1236 شەهید دەرهێنراون‌و ڕادەستی پزیشکی دادوەری کراون، پشکنینی هاوتابونی زانستی بۆ 1076 ڕوفات ئەنجامدراوەو ڕوفاتەکان بەڕێوڕەسمێکی شایستە ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، هاوکات بڕوانامەی مردن‌و بەڵگەنامه‌ فەرمییەکانیان بۆ دەرکراوە".



ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی دامەزراوەی شەهیدان‌و ئەندامێتی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی‌و وەزارەتەکانی (بەرگریی، تەندروستی، ڕۆشنبیریی‌و دەرەوە) پێکهێنراوە بۆ ناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و تۆمارکردنی وەک جینۆساید، هه‌روه‌ها لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچونی خەرجکردنی بەشە پارەی دوەمی قەرەبوو پێکهێنراوە، هاوكات ئەنجومەنی وەزیرانیش به‌گوێره‌ى بڕیاری ژمارەی 222ی ساڵی 2026، پێشنیازی دامەزراوەکەی بۆ دیاریکردنی خولەکێک بێدەنگیی ساڵانە وەک ڕێزلێنان لەیادی ئەو تاوانه‌ پەسندکردوە".

كۆمه‌ڵكوژى سپایكه‌ر ڕۆژى 12ى حوزەیرانی 2014و کاتێک ڕویدا کە تیرۆریستانى داعش کۆنترۆڵی شاری تکریتیان کردو چونە ناو بنکەی ئاسمانیی سپایکەر (کە بنکەیەکی ڕاهێنانی سەربازیی بوو)، قوربانییەکان بریتیبون لەخوێندکارانی گەنجی هێزی ئاسمانی‌و سەربازانی دیكه‌ كه‌ سه‌رقاڵى ڕاهێنان بون‌و زۆربەشیان خەڵکی پارێزگاکانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق بون‌و چەکیان پێنەبوو، به‌گوێره‌ى ئامارە فەرمییەکان، لەم کۆمەڵکوژییەدا نزیکەی 1700 بۆ 2000 گەنجی سەرباز بەشێوازێکی زۆر دڕندانه‌ (تەقەکردن لەسەریان یان فڕێدانیان بۆ ناو ڕوباری دیجلە بەدەستبەستراوی) شەهیدکران.