زەنگی مەترسی بۆ بەغدا؛ بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی شۆکێکی ئابوریی قورس‌و داکشانێکی بێوێنە بۆ عێراق دەکات

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2385 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بازنەی مەترسییە داراییەکان لەدەوری عێراق قوڵتر دەبنەوە؛ بانکی نێودەوڵەتی لەنوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ژمارەی شۆککەرو هۆشداریی توند لەسەر پاشەکشەی توندی ئابوریی عێراق دەدات، بەجۆرێک پێشبینیدەکات، وڵاتەکە بەرەو داکشانێکی ئابوریی بەرفراوان هه‌نگاوبنێت کە لێکەوتەی قورسی لەسەر بودجەو بازاڕی ناوخۆیی دەبێت.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی ئاسۆ ئابورییەکانی جیهان، ئابوریی عێراق لەمساڵدا ڕوبەڕوی پاشەکشەیەک بەڕێژەی 2.2% دەبێتەوە، بەڵام مۆتەکە ڕاستەقینەکە بۆ ساڵی داهاتوو واته‌ 2027 پێشبینیکراوە، کاتێک شەپۆلی داڕمانەکە قووڵتر دەبێتەوەو پاشەکشەکە دەگاتە ئاستێکی پێوانەیی‌و ترسناک کە 8.9%یه‌.

ئەم هۆشدارییە توندە دوای زنجیرەیەک پاشەکشەی بەردەوامی وەرزیی دێت؛ ئابوریی عێراق دوای گەشەیەکی شەرمنانە لە 2024دا کە تەنها 0.5% بوو، لەساڵی 2025دا بەتەواوی چوە ناو سستی‌و پاشەکشە بەڕێژەی 1.5%، داتاکان دەریانخستوە کە لەچوار وەرزی ساڵی ڕابردودا، ئابوریی وڵاتەکە مانگ لەدوای مانگ زیاتر داکشاوە، بەشێوەیەک لەوەرزی سێیەمی 2025دا گەیشتوەتە لوتکەی سستی (3.7%)و پێشبینیدەکرێت لەوەرزی یەکەمی ئەمساڵیشدا (2026) پاشەکشەکە بەڕێژەی 2.3% بەردەوامبێت.

بانکی نێودەوڵەتی ڕونیکردوەتەوە، عێراق لەڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین کاریگەریی نەرێنی‌و لێکەوتەی ناجێگیریی توندی بازاڕەکانی ناوچەکەیان بەسەرەوە دیارە، پێشبینییەکانی عێراق زۆر لاوازترو نەرێنیترن بەراورد بەزلهێزە نەوتییەکانی دیكه‌ى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بۆ نمونە لەکاتێکدا عێراق لەناو داکشاندایە، پێشبینیدەکرێت ئابوری سعودیە 3.1%و ئیمارات 2.4٪ گەشە بکەن.

سەرباری ئەم وێنا تاریکە کورتخایەنە، ڕاپۆرتەکە پێشبینیدەکات، عێراق دوای تێپەڕاندنی قەیرانە گەورەکەی ساڵی 2027، لەساڵی 2028دا بازدانێکی ئابوریی گەورەو خێرا بەخۆیەوە ببینێت‌و گەشەکەی بگاتە ڕێژەی پێوانەیی 12.2٪، بەڵام شارەزایان پێیانوایە، تێپەڕاندنی ئەم دوو ساڵە سەختە پێویستی بەچاکسازیی ڕیشەیی‌و کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەها هەیە بەنەوتەوە.