بەغداو هەولێر چونە ناو ڕیزبەندی باشترین هه‌زار شاری جیهانیه‌وه‌

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگۆڕانکارییەکی گرنگدا بۆ کەرتی وه‌به‌رهێنان‌و تەکنەلۆژیا، هەردوو شاری بەغداو هەولێر توانییان پێگەی خۆیان لەسەر نەخشەی داهێنانی جیهانی بچەسپێنن‌و بچنە ناو ڕیزبەندی باشترین هه‌زار شاری جیهان بۆ کۆمپانیا نوێیه‌كان لەساڵی 2026دا، ڕاپۆرتێكیش ده‌ڵێت، "ئەم سەرکەوتنە لەکاتێکدایە کە ژینگەی کارو وەبەرهێنان لەعێراقدا ڕوبەڕوی چەندین هه‌ڕه‌شه‌ى گەورە دەبێتەوە".


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگای نێودەوڵەتیی ستارت ئاپ بلینک بۆ ساڵی 2026، سەرهەڵدان‌و گەشەکردنی بەغداو هەولێر لەم ڕیزبەندییەدا، نیشانەیەکی ڕونە بۆ بونی بزوتنەوەیەکی گەورەی گەنجان‌و کەرتی تایبەت بەرەو ڕێبەرایەتیکردنی کارو دۆزینەوەی چارەسەری تەکنەلۆژیی مۆدێرن.

ڕاپۆرتەكه‌ ئاماژەی بەوەکردوە، سەرەڕای ئەم بازدانە ئەرێنییەی هەردوو شارەکە، بەڵام عێراق وەک دەوڵەت هێشتا نەیتوانیوە بچێتە ناو لیستی باشترین 100 دەوڵەتی جیهان لەم بوارەدا، بەڵام لەهەمانکاتدا، ڕاپۆرتەکە عێراقی خستوەتە ناو لیستی یان پۆلێنی ئەو وڵاتە نوێیانەی کە داهاتویان باشە بۆ پەرەپێدانی سیستمەکانی داهێنان‌و تەکنەلۆژیا.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، به‌غداو هه‌ولێر بونەتە ناوەندی سەرەکیی بازرگانیی، کۆمپانیا گەورەکانی دەرەوەو وەبەرهێنەران هاتونەتە ناو عێراق‌و پارە لەم پڕۆژە نوێیانەی گەنجاندا خەرجدەکەن، چونکە بازاڕی عێراق گەورەیەو قازانجی باشی تێدایە.

ئەم پێشکەوتنە لەکاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقا لەساڵی 2026دا گەشەیەکی خێراو بەهێزی لەکەرتی کۆمپانیا نوێیه‌كان بەخۆیەوە بینیوە، شارەزایان پێیانوایە، هاتنە پێشەوەی بەغداو هەولێر دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرە بیانییەکان‌و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ ناوبازاڕی عێراق، بەو مەرجەی حکومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاریی یاسایی‌و دارایی زیاتر بۆ گەنجانی داهێنەر دابین بکەن.