وەزارەتی بەرگریی عێراق له‌باره‌ى پاشه‌كشه‌ى هێزه‌كانى زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات

عیراق

13/06/2026‌ 1478 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، قۆناغی داهاتوو دەبێتە ماوەی کۆتاییهێنان‌و تەواوکردنی پرۆسەی ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی ناوشارەکان بەوەزارەتی ناوخۆ، ده‌شڵێت، "بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە لەماوەی ڕابردودا ببوە هۆی دواکەوتنی هەندێک لەهەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم پلانە ئەمنییە".


لیوا تەحسین خەفاجی وته‌بێژو هاوكات بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنى وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئاشكرایكردوه‌، "ئەم ستراتیژە لەچوارچێوەی پلانێکی داڕێژراودایە بۆ ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ ببێتە لایەنی یەکەم لەبەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنیی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق".

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕونیکردەوە، تایبەتمەندی هەندێک لەپارێزگاکان‌و پێویستی بەخشینی کاتی پێویست بەوەزارەتی ناوخۆ بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی، لەگەڵ گرژییەکانی ناوچەکە، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی هەندێک هەنگاوبون.

ئه‌وه‌شى وت، "خشتە زەمەنییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی سەرجەم هێزەکانی سوپای عێراق لەناوشارەکان بکشێنەوەو بچنە ناو سەربازگە تایبەتەکانی خۆیان، چونکە ئەرکی سەرەکی سوپا، شەڕکردنە لەدەرەوەی شارەکان‌و پاراستنی سنورەکانی وڵات‌و گەلە، وەزارەتی ناوخۆ-ش سەرکەوتنی گەورەی لەو پارێزگایانەدا بەدەستهێناوە کە دۆسیەی ئەمنییانی وەرگرتوەو ئەو پارێزگایانەش کە ماونەتەوە زۆر کەمن‌و دوای تەواوبونی پێداویستییەکان، ئەوانیش ڕادەستدەکرێن".

به‌وته‌ى خه‌فاجى، "لەئێستادا سوپای عێراق لەهەندێک شاردا ماوەتەوە بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاوو پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجیستی‌و سەربازیی بەهێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ تا پرۆسەی گواستنەوەکە بەتەواوی جێگیردەبێت".

سوپای عێراق (بەتایبەت فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک) هێشتا بەشێوەیەکی کاریگەر لەناوەندو دەوروبەری پارێزگاکەدا ماوەتەوە، کەرکووک لەڕیزی ئەو پارێزگا کەم‌و تایبەتانەدایە کە بەهۆی هه‌ستیاریى دۆخەکەیەوە، ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنییەکەی بەوەزارەتی ناوخۆ (پۆلیس) دواخراوە تاوەکو ئامادەکارییەکان بەتەواوی جێگیردەبن، لەئێستادا سوپاو دژەتیرۆر کۆنترۆڵی بازگە سەرەکییەکان‌و دەوروبەری شارەکە دەکەن، لەکاتێکدا پۆلیسی ناوخۆیی‌و هێزە تاکتیکییەکان زیاتر لەناوجەرگەی شارەکەدا جێگیرکراون.