شارپرێس:
حكومهتى عێراق لهڕێگهى بەڕێوەبەرایهتى گشتیی
دەستەی گومرگەکانیهوه ئاشكرایدهكات، بەکاراکردنی دەروازە وشکانییەکانی هاوسنور
لەگەڵ ئوردنو سوریا، بازاڕەکانی لەکارەساتی برسێتیو گرانیی پاراست؛ دهشڵێت، بەهۆی
نزیکیی ڕێگهکانو بۆ خۆدزینەوە لەباجی زیادەی بازگەکانی نێوان هەرێمو بەغدا، پشتیان
بەو سنورانە بەستو دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی پشتگوێخست.
سامر قاسم تائی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی
عێراق ڕایگەیاند، دەروازە سنورییە جێگرەوەکان ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لەبەردەوامیی
جووڵەی بازرگانییو پاراستنی داهاتە گومرگییەکان دوای داخرانی بەندەرەکانو پەککەوتنی
گەشتە دەریاییەکان بەهۆی قەیرانی گهروى هورمزەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق
ئاشکرایکردوه، داخرانی بەندەری ئوم قەسر بوە هۆی کەڵهکەبونی کۆنتێنەرەکانو گۆڕینی
ڕێڕەوەکانیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ، تاوەکو لەوێوە لەڕێگەی دەروازەی تڕێبیل یان دەروازە
سورییەکانەوە بێنە ناو عێراق، ئەم دۆخەش وایکرد، بەپەلە دەروازەی وەلید بکرێتەوەو
دەروازەی ڕەبیعەش کارابکرێتەوە بۆ لەخۆگرتنی ئەو جووڵە بازرگانییە زۆرە.
سامر تائی باسى لهڕێگریکردن لەبەرزبونهوهى
نرخ كردو وتى، "پشتبەستنی عێراق بەدەروازە وشکانییەکان، هاوسەنگیی بازرگانیی
پاراستو گەرەنتی بەردەوامیی گەیشتنی کاڵاو پێداویستییە خۆراکییەکانی کرد بۆ بازاڕەکانی
ناوخۆ، ئەمەش ڕێگریکرد لەدروستبونی قەیران یان بەرزبونەوەی نرخەکان، لهو ڕوهشهوه
سەرجەم کۆتوبەندەکانی پەیوەست بەدیاریکردنی دەروازەی چونەژورەوە لادران؛ ئێستا
بازرگانانو وەبەرهێنەران دەتوانن لەهەر دەروازەیەکی وشکانی، دەریایی یان ئاسمانییەوە
کە لەگەڵ دۆخەکە بگونجێت، کاڵاکانیان هاوردەبکەن".
جهختیشیكردهوه، "زۆربەی پڕۆژەكانى وەبەرهێنانو
گەشەپێدانە پیشەسازییەکان کە پشتیان بەکەرەستەی خاوی هاوردەکراوی بەندەری ئوم قەسر
دەبەست، باری گواستنەوەکانیان گۆڕدرا بۆ دەروازەی تڕێبیلو دەروازەکانی دیكه، دەستەی
گومرگ لەم قەیرانەدا سیستەمی ترانزێتی لەنێوان تورکیاو ئوردن لەڕێگەی خاکی عێراقەوە
بەشێوەیەکی بەرچاو چالاککردوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر "ڕێگەی گەشەپێدان"
دەبێتو پێگەی عێراق وەک ئەڵقەیەکی بەستنەوەی نێوان ڕۆژهەڵاتو وڵاتانی ناوچەکە بەهێزتر
دەکات".
سهبارهت بهوهش بۆچى عێراق پشتى بهدهروازه
وشكانییهكانى ههرێم نهبهست بهتایبهت ئیبراهیم خهلیل كه هاوسنوره لهگهڵ
توركیا، چاودێران دهڵێن، "کاتێک بەندەری ئوم قەسر لەباشوری عێراق داخرا، ئەو
کەشتییە بارھەڵگرانەی کە لەکەنداوەوە بەرەو عێراق دەهاتن، ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیی بۆ بەندەرەکانی
وڵاتانی دراوسێی وەک ئوردن (بەندەری عەقەبە) یان سوریا، لەڕوی جوگرافییەوە، گواستنەوەی
ئەو کاڵایانە لەڕێگەی دەروازە وشکانییەکانی کەرتی ڕۆژئاوا (وەک تڕێبیل، وەلیدو ڕەبیعە)
زۆر نزیکترو خێراتربوو وەک لەوەی ببرێنە سەر سنوری تورکیاو لەوێوە لەڕێگەی ئیبراهیم
خەلیلەوە بهێنرێنە خوارەوەو دواتر بهێندرێنه عێراق لهههرێمهوه".
دهشڵێن، "گواستنەوەی کاڵا لەڕێگەی دەروازەکانی
هەرێمی کوردستانەوە زۆرجار ڕوبەڕوی سیستەمێکی دوفاقی لەپێناسی گومرگیو باج دەبێتەوە
(باجی هەرێمو باجی حکومەتی فیدراڵی لەبازگەکانی نێوان هەرێمو بەغدا)، بۆیە
بازرگانان بۆ کەمکردنەوەی تێچوی گواستنەوە، دەروازە وشکانییەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی
بەغدایان پێ باشتر بوه".
وەک لهلێدوانهكهى بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی
گومرگەکانی عێراقیشدا ئاماژەی پێکراوە، "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل خۆی لەم قەیرانەدا
وەک خاڵی دەستپێکی "سیستەمی ترانزێت" بەکارھات، بەجۆرێک کاڵاکان لەتورکیاوە
دەهاتنە ناو عێراقو لەڕێگەی دەروازە وشکانییەکانی دیكهوه دەبرانە ئوردن، نەک ئەوەی
کاڵای هاوردەکراوی بەندەرەکان بخرێنەسەر هێڵی ئیبراهیم خەلیل".
