شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی چین ئاشكرایدهكات، هێزە ئەمنییەکانی
وڵاتەکە هاوڵاتییەکی ئەمریکییان بەگومانی ئەنجامدانی چالاکیی سیخوڕیی دەستگیرکردوە،
کە مەترسیی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی چین دروستکردوە.
لین جیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاشکرایکرد،
تۆمەتبارەکە ناوی "مین زین"ەو توێژەرێکی ئەمریکییە کە بەڕەچەڵەک خەڵکی وڵاتی
میانمارە، ناوبراو لەئێستادا بهگوێرهى یاساکانی چین ڕوبەڕوی ڕێکاری توندی یاساییو
دادوەریی کراوەتەوە.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردوه، دەسەڵاتدارانی
پەکین کونسوڵخانەی ئەمریکایان لەشاری "قوانگتشو" لەم ڕوداوە ئاگادارکردوەتەوە.
بهگوێرهى سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم توێژەرە ئەمریکییە
لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردودا، لەناو فڕۆکەخانەی "کۆنمینگ" لە پارێزگای
یونانی چین دەستگیرکراوە، (مین زین) وەک توێژەر لەسەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بەکاروباری
وڵاتی میانمار کاردەکات، کە بارەگای سەرەکیی ئەم سەنتەرە لەوڵاتی تایلاندە، ئەم دەستگیرکردنەش
لەکاتێکدایە کە دۆسیەی سیخوڕییو ئاسایشی نیشتمانی هەمیشە وەک خاڵێکی ناکۆکیی توند
لەنێوان واشنتۆنو پەکیندا دەمێنێتەوە.