شارپرێس:
قەیرانی بژێویی لەئێران
گەیشتوەتە قۆناغێکی زۆر ناخۆشو دەستی بۆ سەرەکیتریین خۆراکی خەڵک واتە
"نان" بردوە، بهگوێرهى نوێترین هەواڵەکان لەتارانو شارە گەورەکانی دیكه،
نرخی نان بەفەرمی بەرزکراوەتەوەو کڕینیشی بۆ هاوڵاتیان سنوردارکراوە.
قەیرانی بژێوییو
گوشارە ئابورییەکانی سەر هاوڵاتیانی ئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارو بۆ یەکەمجار
دەست "نان" برا، ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی ئەمدواییانە لەتاران، کەرەج، ئەسفەهان،
مەشهەدو چەندین پارێزگای دیكه ئاماژه بهوهدهكهن، نرخەکانی نان بەشێوەیەکی فەرمیو
نافەرمی بەرزبونەوەی پێوانەیی تۆمارکردوە، هاوکات، حکومەت لەڕێگەی نانەواخانە پاڵپشتیکراوەکانەوە،
دەستی بەجێبەجێکردنی سیستمی بەسنورداركردنى نان کردوە.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى
دهستكهوتون، لەچەندین ناوچەی تارانو شارە گەورەکان، ڕێنمایی نوێ دراوەتە نانەواخانەکان
کە بۆ هەر کارتێکی بانکیی تەنها ڕێگە بەکڕینی دوو بۆ سێ نانی "بەربەری" یان
"سەنگەک" دەدرێت، ئەمەش بوەتە هۆی دروستبونی ڕیزە درێژەکان، سەرلێشێواوییو
ناڕەزایەتییەکی توندی خەڵک.
لەپارێزگای زەنجان نرخی
نان بەتێکڕا 60%و لەیەزدو خوراسانی باکوریش لهنێوان 50% بۆ 80%و لهههندێك شوێنى
دیكهش زیاتر لە80% نرخى نان لهسهر هاوڵاتیان گرانكراوه، بۆ نمونە نانی سەنگەکی
ئاسایی کە پێشتر حهوت هەزار تومەن بوو، ئێستا لەبازاڕی ئازاددا گەیشتووەتە 20 هەزارو
جۆری کونجیدارەکەشی تا 80 هەزار تومەن دەفرۆشرێت.
زانیاریهكان ئاماژه
بهوهدهكهن، یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە، بەرزبونەوەی تێچوی بەرهەمهێنانی
گەنمە؛ بەجۆرێک نرخی هەندێک جۆری پەینی کیمیایی لەمساڵدا 600% زیادیکردوە.
لهوبارهیهوه مەسعود
پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، هۆکاری قەیرانەکەى بۆ گوشارە دەرەکییەکانو دەرەنجامەکانی
شەڕ گێڕاوهتهوهو داواى لەخەڵک كردوه لهتێچوی بەرگریی تێبگەنو ئاماژهى بهوهكردوه،
"وڵات لهشهڕێكى قورسو زۆر گهورهدایه"، بەپێچەوانەوە، میدیاکانی سەر
بەباڵە ڕکابەرەکان هێرشدەکەنەسەر سیاسەتە ئابورییەکانی حکومەتی ئێستا.
هاوڵاتیانیش دەڵێن پێشتر
گۆشت، مریشکو بەرهەمە شیرییەکان لەسەر خوانیان نەمابون، بەڵام ئێستا تەنانەت نانی
وشکیش بۆ تێرکردنی منداڵەکانیان بەئاسانی دەستناکەوێت،
جهختیشدهكهنهوه،
"پەرەسەندنی ئەم قەیرانەو نەمانی توانای کڕینی نان، ئەگەری هەیە ببێتە بزوێنەری
خولێکی نوێی خۆپیشاندانو ڕژانی خەڵکی توڕە بۆسەر شەقامەکان".
