شارپرێس:
سه‌ربارى ماندوبونى ستافه پزیشكیه‌كان، نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لەلێواری پەککەوتنی تەواوەتیدانو هاوڵاتیان بۆ سادەترین پشکنینی پزیشکی ناچاردەکرێن ڕوو لەتاقیگە ئەهلییەکان بکەن، وه‌كو هاوڵاتیان ده‌ڵێن، دەستکەوتنی چارەسەر بوە بەخەونێکی گرانبەها له‌هه‌رێمى كوردستان، تیمی شارپرێس چه‌ندین به‌دواداچونیان بۆ ئه‌م پرسه كرد‌و پەردەی لەسەر کارەساتێکی گەورە لەنێو تاقیگەی نەخۆشخانە گشتییەکاندا لادا، ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر ئه‌م پرسه وەزیری تەندروستی حكومه‌تى هه‌رێم هاتهدهگو بڕیاریدا به‌دواداچونى جدى‌و خێرا بكات.
تاقیگەی بێ ئامێر: پشکنین هەیە، مادە نییە!
بەدواداچونەکەی شارپرێس دەریخستوە کە لەزۆربەی نەخۆشخانە گەورەکانی شارەکانی هەرێم به‌تایبه‌ت نه‌خۆشخانه‌ى منداڵان، ئامێرە پزیشکییە پێشکەوتوەکان یان تێکچونو چاکناکرێنەوە، یان بەهۆی نەبونی کەرەستەی کیمیایی‌و کیتی پێویستەوە کوژێندراونەتەوە، هاوڵاتیان ڕۆژانە لەسەر ته‌ختى نەخۆشخانەکان دەناڵێنن، ئەوان باسی ئەوەدەکەن، پزیشک‌و ستافه پزیشكیه‌كان زۆر ماندونو خزمه‌تێكى گه‌وره پێشكه‌شده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ زۆربه‌ى پشكنینه‌كان ناچارن بهنهخۆشو یاوهرهكانیان بڵێن، "ئەم پشکنینە لێرە ناکرێت، بڕۆنە دەرەوە"، ئەمەش گومانێکی گەورە لەسەر بونی بازرگانی‌و ڕێککەوتنی ژێر بەژێر لەنێوان کەرتی گشتیی‌و تایبەتدا دروستدەکات.
وەزیری تەندروستی لە بەردەم بژاردەیەکی قورس‌دا
دوای ڕوبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی شارپرێس لەگەڵ دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومه‌تى هەرێم له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه، ناوبراو کێشەکەی ڕەتنەکردەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کەوتە بەرگریی لەخۆییو ڕایگەیاند، "هەر دوای پرسیارەکەی شارپرێس، بەدواداچونی جدی‌و دەستبەجێ دەکەین"، ئەم لێدوانەی وەزیر، دانپێدانانێکی ڕونە بەبونی سەرپێچیو کەمتەرخەمی لەنێو نەخۆشخانەکاندا، کە تەنها دوای فشاری میدیایی وەزارەت دەکەوێتە جووڵە.
پرسیارە گەورەکە: بودجە لەکوێیە؟
هه‌روه‌ك ئه‌مڕۆ له‌وه‌ڵامى شارپرێس-دا وەزیرى ته‌ندروستى ئاشكرایكرد، "حکومەت بودجەی پێویستی بۆ کەرتی تەندروستی‌و هەموو بەڕێوەبەرایەتییە ته‌ندروستیه‌كان له‌پارێزگاو ئیداره سه‌ربه‌خۆكان دابینکردوە"، ئەم ڕستەیە کێشەکەى قووڵتركردهوهو پرسیارى گه‌وره‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا، ئاخۆ ئەگەر بودجە دابینکراوە، بۆچی ئامێری تاقیگەکان پەکیانكهوتوه؟، ئایا ئەم پارانە لەکوێدا خەرجدەکرێنو کێ بەرپرسە لەبەهەدەردانیان؟، بۆچی بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان ناتوانن کیتی تاقیگەکان بکڕن لەکاتێکدا بودجەیان هەیە؟.
هاوڵاتیان باجەکەی دەدەن
لەکاتێکدا حکومەتو وەزارەتى ته‌ندروستى باس لەدابینکردنی بودجە دەکەن، هاوڵاتیانى هه‌رێم عەوداڵی دەرمانو پشکنینە، چاوەڕواندەکرێت ئەم بەدواداچونەی شارپرێس لێپێچینەوەی توند‌و گۆڕانکاریی لەپۆستە کارگێڕییەکانی تەندروستیدا لێبکەوێتەوە، چونکە چیدی ناکرێت لەژێر ناوی نەبونی بودجەدا یاری بەژیانی نەخۆشەکانەوە بکرێت‌و بۆ زۆربه‌ى پشكنینه پزیشكیه‌كان، نه‌خۆش ڕه‌وانه‌ى بازاڕى كه‌رتى تایبه‌ت بكرێت.
