عەسائیب‌و سەدرییەکان بەرەو دەوڵەت دەچن‌و حزبوڵڵاش یاخی دەبێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1746 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی ئەمنیی یەکلاکەرەوەدا، دۆسیەی هێشتنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا لەعێراق گەیشتە قۆناغێکی هەستیار، سەرچاوەیەکی حکومی ئاشکرایکردوه‌، ئەو گروپە چەکدارانەی ڕەزامەندییان نیشنداوە بۆ چونە پاڵ دامەزراوە فەرمییەکان، مەرجی توندیان داناوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، لەبەرامبەریشدا کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق بەتەواوی پرۆسەی چەکداماڵینی ڕەتکردەوە.


سەرچاوەیه‌ك به‌میدیاى عێراقى وتوه‌، چەند گروپێک کە دەیانەوێت بچنە ناو دامەزراوەی فەرمیی حەشدی شەعبی، مەرجی ئەوەیان داناوە کە چەکەکانیان لەکۆگای تایبەت‌و جیاوازدا دابنرێت، بەجۆرێک تێکەڵ بەچەکی وەزارەت‌و دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت نەکرێت، هۆکاری ئەم مەرجەش بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە، یه‌كه‌میان ئەم گروپانە وتویانه‌، هێشتا هیچ گرەنتییەکی فەرمییان وەرنەگرتوە کە لەداهاتودا ڕوبەڕوی ڕاودونان‌و لێپێچینەوەی یاسایی نابنەوە، دوه‌میش جەختدەکەنەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێشتا لەعێراق نەکشاونەتەوەو به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمساڵ دەمێننەوە.

ئەم جوڵەیە دوای ئەوەهات، ڕەوتی نیشتمانى شیعه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى موقته‌دا سەدر کۆتاییهێنانی پەیوەندیی "سەرایا سەلام"ی لەخۆی ڕاگەیاند بەمەبەستی تێکەڵبونیان لەناو دەوڵەتدا، دواتریش هەریەکە لە"عەسائیبی ئەهلی حەق"و "کەتائیبی ئیمام عەلی" دەستیانکرد بەپێکهێنانی لیژنەی فەرمی بۆ سەرژمێریکردنی چەک‌و چەکدارەکانیان بەمەبەستی بەستنەوەیان بەفەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە، ئەم پرۆسەیەش پێویستی بەدەرکردنی یاسایەکی تایبەت هەیە لەپەرلەمان بۆ ڕێکخستنی مافە داراییەکانیان.

لەبەرامبەردا، دۆسیەکە ڕوبەڕوی دابەشبونێکی قورس بوەتەوە لەناو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەهۆی پێشنیازێکی ئەمریکی کە داوادەکات کۆمپانیا ئەمریکییەکان پڕۆژەی وەبەرهێنان لەعێراق بکەن بەرامبەر ڕادەستکردنی چەکی گروپەکان.

کەتائیبی حزبوڵڵا بەتوندی ئەو فشارە ئەمریکییە ڕەتدەکاتەوەو ڕایگەیاندوە، چەکەکانی ڕاده‌ستناکات، لەبری ئەوە پێشنیازێکی پێچەوانەی خستوەتەڕوو کە دەڵێت، "دەبێت دەوڵەت چەکی گروپەکان بکڕێتەوە، نەک بەزەبری هێز دایبماڵێت".