شارپرێس:
لەپاشەکشەیەکی ستراتیژیی
گەورەدا بۆ سەربەخۆیی سەربازیی ئەوروپا، فەرەنساو ئەڵمانیا کۆتاییهێنانو وازهێنانی
خۆیان لەپڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوی هاوبەش (سکاف - SCAF) ڕاگەیاند، ئەم پڕۆژە زەبەلاحە
کە تێچوەکەی بە 100 ملیار یۆرۆ (نزیکەی 116 ملیار دۆلار) دەخەمڵێنرا، بڕیاربوو نەوەی
شەشەمی فڕۆکە جەنگییەکان لەئەوروپا تا ساڵی 2040 بەرهەمبهێنێت، بەڵام بەهۆی ململانێی
توندی سیاسییو پیشەسازییەوە بەتەواوی هەرەسیهێنا.
ململانێ لەسەر سەرکردایەتیو
دزینی زانیاریی تەکنەلۆژی
بهگوێرهى زانیارییەکان،
کێشەی سەرەکیی پڕۆژەکە تەکنیکی نەبوە، بەڵکو پەیوەندیی بەململانێی قورسی دەسەڵاتو
دابەشکردنی تەکنەلۆژیاوە هەبوە لەنێوان کۆمپانیای (داسۆ)ی فەرەنسی (دروستکراوی فڕۆکەی
ڕافاڵ)و کۆمپانیای (ئێرباس)ی نوێنەری ئەڵمانیاو ئیسپانیا.
کۆمپانیای "داسۆ"ى
فهرهنسى لایەنی ئەڵمانی تۆمەتباردەکات بەوەی کە دەیەوێت لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەستبەسەر
ئەو شارەزاییو باڵادەستییە تەکنەلۆژییە سەربازییەدا بگرێت کە خۆی نییەتی، هاوكات ڕەخنەی
توند لەئەڵمانیا دەگرێت کە لەبواری بەرگریدا بەتەواوی بەستراوەتەوە بەویلایەتە یەکگرتوەکانی
ئەمریکاوە.
لەبەرامبەریشدا، کۆمپانیای
"ئێرباس"ى ئهڵمانى پێیوایە کە فەرەنسا دەیەوێت هەژمونی پیشەسازیی خۆی بەسەر
پڕۆژەکەدا بسەپێنێتو ڕێگەنادات هاوبەشییەکی هاوسەنگ لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا
دروستبێت.
ڕاگەیاندنی فەرمیو داڕمانی
خەونەکەی ماکرۆنو مێرکڵ
ئەم پڕۆژەیە لەساڵی
2017دا بەدەستپێشخەریی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساو ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری پێشوی
ئەڵمانیا دەستیپێکرد تا وەک ڕوبەڕوبونەوەیەک بێت دژی باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکاو
چین، بەڵام سەرۆکایەتیی فەرەنسا لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا داوای لێبوردنی کرد کە کەرتی
پیشەسازیی نەیتوانیوە بگاتە ڕێککەوتن، هاوکات سەرچاوە ئەڵمانییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە،
چیدی نەدەکرا فشاری زیاتر بخرێتەسەر کۆمپانیاکان، چاودێرانیش پێیانوایه، ئەم داڕمانە
سیاسییە لەکاتێکدایە کە فریدریش مێرتس ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەناوخۆی وڵاتەکەییو لەناو
حزبەکەیدا لەژێر فشارێکی تونددا بوو بەهۆی ناڕەزایەتیی وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی بەرامبەر
پڕۆژەکە.
ئایا پڕۆژەکە بەتەواوی
مردوە یان ناوەکەی دەگۆڕدرێت؟
شرۆڤەکارانی سیاسییو یاسایی،
وەک پارێزەر مەجید بۆدن ئاماژە بەوەدەکەن، ئەمە بەواتای پەککەوتنی یەکجاری نایەت،
بەڵکو پڕۆژەکە بەمشێوازە کۆنەی کۆتایی پێهاتوەو لەژێر ناوێکی نوێ، میکانیزمی جیاوازو
چوارچێوەیەکی فراوانتردا سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، تەنانەت ئاماژە بەوەدەکرێت، ئێستا
فەرەنسا خەریکی لێکۆڵینەوەو گفتوگۆیە لەگەڵ وڵاتی مەغریب بۆ دروستکردنی هاوبەشیی
نوێی پیشەسازییو بەرگریی لەم بوارەدا.
بۆ ڕێگریکردن لەداڕمانی
تەواوەتیی متمانەش، پاریسو بەرلین ڕایانگەیاندوە، هاوکاریی بەرگریی نێوانیان بەردەوامدەبێتو
کارکردن لەسەر پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)و تۆڕی داتا جەنگییەکان کە بەشێکبون
لەپڕۆژە کۆنەکە، ناوەستێت.
