شارپرێس:
ڕێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی ئاشکرایدەکات، سوپای تورکیا بەفەرمی دەستی بەسەر 21 گوندی سنوری زاخۆدا گرتوەو هێزەکانیان بەچەک ڕێگرییان لەگەڕانەوەی سەدان گوندنشینی ئاوارە کردوە، ئهندامێكى ڕێكخراوهكهش دهڵێت، "هێزەکانی تورکیا بەگوندنشینە ئاوارەکانیان ڕاگەیاندوە کە ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایەو ڕێگە بەهیچ کەسێک نادرێت پێ بخاتە ناو ئەو گوندانەوە".
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی "سی پی تی" ئەمریکی ئاشكرایكردوه، سوپای تورکیا بەفەرمی ڕێگریی لەدانیشتووانی 21 گوندی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردوە بگەڕێنەوەسەر ماڵو حاڵی خۆیان.
بەوتەی ناوبراو، "هێزەکانی تورکیا بەگوندنشینە ئاوارەکانیان ڕاگەیاندوە کە ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایەو ڕێگە بەهیچ کەسێک نادرێت پێ بخاتە ناو ئەو گوندانەوە".
کامەران عوسمان ئاشکرایکرد، پێشتر، لە 10ی ئهم مانگهدا، ئیدارەی خۆجێی ناحیەی دەرکارو قەزای باتیفا بەفەرمی خەڵکی گوندەکانی دەڤەری “سندیو گولی”یان ئاگادارکردبوەوە کە دەتوانن لە 15ی حوزەیراندا سەردانی گوندەکانیان بکەنەوە کە ماوەی شهش ساڵە بەهۆی داگیرکارییەوە لێی بێبەشن.
ئهوهشى ڕاگهیاندوه، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆش خەڵکی گوندەکانی (سنات، ئێرە، حەفتانین، دێرەشیشێ، مێرگەشیشێ، ئاڤا گیزێو باجوا)، گوندەکانی گەلی پساغا (بنەخرێ، مارسیس، کەلۆک)و 11 گوندی دیکە بەڕێکەوتن، بەڵام لەگوندی "شەرانشی سەروو" لەلایەن بازگەیەکی سوپای تورکیاوە ڕێگرییان لێکرا، هێزەکانی تورکیا خەڵکەکەیان لەئۆتۆمبێلەکانیان داگرتوەو پێیانڕاگەیاندون، بەهیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە، لەئێستادا گوندەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدایەو کەس ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە".
ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی سی پی تی ڕونکردنەوەی زیاتریداوهو وتویهتى، "سوپای تورکیا لەساڵی 2020داو لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-پڵنگ)دا، بەقووڵایی نۆ کیلۆمەتر ناوچەی حەفتانینو تەواوی گوندەوارەکانی دەوروبەری داگیرکردوەو خەڵکەکەی ئاوارەکردوە".
کامەران عوسمان لەکۆتاییدا جەختیکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیادا، گوندنشینانی 1192 گوندی هەرێمی کوردستان هیوایەکی گەورەیان ههبوو کە بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانیانو بێ ترس ژیان بگوزەرێنن، بەڵام بەهۆی بەردەوامی ڕێگرییەکانی سوپای تورکیاوە، ئەو هاوڵاتیانە هێشتا لەناو دۆخی سەختی ئاوارەییدا دەژین.
