شارپرێس:
ڕۆژنامەی "وول ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستۆتە سەر پێگە و هەژموونی بەرفراوانی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، و توانای ناوبراو لە تێکدانی هاوکێشەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، وەحیدی بەرپرسی ڕاستەوخۆی داخستنی گەرووی هورمزە کە بەهێزترین کارتی گوشاری تاران دادەنرێت و هەر خۆیشی بووە کە فشارێکی توندی دروستکرد بۆ ئەوەی ئێران لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بە مووشەک هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بۆردومانکردنی زاحیەی بەیروت، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینی بەرپرسە میانڕەوەکانی وڵاتەکە.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێواری واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەییدا بوون کە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ، بەڵام دەرکەوتنی ڕۆڵی وەحیدی کە بە کەسایەتییەکی توندڕەو و خاوەن هەژموون وەسف دەکرێت، ڕەوتی دانوستانەکانی گۆڕی.
لایەنە میانڕەوەکان لە نێو سەرکردایەتیی ئێراندا داوای دواخستنی هێرشەکەیان دەکرد تا ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمریکا نەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام وەحیدی توانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی قایل بکات و یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان تاران و تەلئەبیب لە دوای ئاگربەستی مانگی نیسانی ڕابردووەوە تۆمار بکات.
ناوبراو بەهۆی سەرکردایەتیکردنی بەهێزترین هێزی سەربازییەوە، قورساییەکی زۆری لە بڕیارە سیاسییەکاندا هەیە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنەکە، بەشێک لە توندڕەوان پێیانوایە کە تاران سازشی کردووە، بۆیە گرتە ڤیدیۆییەکان پیشانی دەدەن کە دەیان خۆپیشاندەر هێرش دەکەنە سەر عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالۆنی سەرۆکی پەرلەمان.
شیکەرەوان دەڵێن نەبوونی هیچ سەرکوتکردنێک بەرامبەر ئەم خۆپیشاندانانە، پەیامێکی ڕوونی سوپای پاسدارانە بۆ گوشارخستنە سەر تیمی دانوستانکار تا ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکەن.